شارپرێس:
ئاژانسی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاند كە ئێران خۆی بۆ ئەگەری هەڵمەتێكی نوێی ئەمریكا لە ماوەی پێش هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمریكا لە ٣ی تشرینی دووەمدا ئامادە دەكات.
ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە ڕایگەیاندووە كە ماوەی نێوان هەڵبژاردنەكان و دەستپێكردنی خولی نوێی كۆنگرێس لە سەرەتای مانگی یەكدا دەتوانێت شایەتحاڵی پەرەسەندنی گرژییەكان بێت.
لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمریكا بڵاوی كردەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا مەیلی دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی دژی ئێران هەیە. بەگوێرەی سەرچاوەكان، پلانەكانی پێنتاگۆن ئەگەری بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكان و دوورگەكانی ئێران لەخۆدەگرێت.
هەروەها ڕاپۆرتەكان ئاماژەیان بە كشانەوەی كارمەندانی بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و زیادبوونی هێزی دەریایی ئەمریكا كردووە و پێشبینی دەكرێت ژمارەی ئەو كەشتییە جەنگییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاردەكەن بۆ زیاتر لە ٢٤ كەشتی بەرز بێتەوە.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، وەڵامدانەوەی خۆی بۆ هەر چالاكییەكی سەربازیی ئەمریكا بەهێز دەبێتو تاران ڕووبەڕووی هەر پەرەسەندنێكی نوێ دەبێتەوە.
