شارپرێس:
حکومەتی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی جدیدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، لەگەڵ زیادبونی نیگەرانییەکان لەنوێبونەوەی شەڕی ئەمریکاو ئێرانو ئەگەری بەشداریی گروپە چەکدارییە عێراقییەکان، ئەم دۆخە دەتوانێت هەوڵەکانی بەغدا بۆ دورخستنەوەی وڵات لەناکۆکییە ناوچەییەکان بخاتە مەترسییەوە.
ڕاپۆرتە ئەمریکیو ئیسرائیلییەکان باس لەئامادەکردنی پلان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆسەر ئێران دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکانی ئەمریکا، کە بڕیارە لە 3ی نۆڤەمبەر ئەنجامبدرێن، دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست بەربەستیان لەبەردەمە.
عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پلانی قۆناغ بەقۆناغی بۆ کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا ڕاگەیاندوە کە تا 30ی حوزەیرانی 2027 درێژدەبێتەوە، بهگوێرهى پلانەکە، لەقۆناغی یەکەمدا کە 90 ڕۆژ دەخایەنێت، گروپە چەکدارییەکان دەبێت لەهێرشکردنەسەر بەرژەوەندییە ئەمریکییەکانو وڵاتانی دراوسێ خۆبپارێزنو هێزە ئەمریکییەکانیش هێرشناکەنەسەریان، دواتر چەکەکان بەقۆناغ ڕادەستی دەوڵەت دەکرێن.
بەڵام هەندێک گروپی کاریگەر ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت بکەنو ئەمکارە بەکۆتاییهێنان بەبونی سەربازیی بیانی لەعێراقەوە بەستوهتەوە، هەروەک ئەوەی هێشتا ڕێککەوتنێکی پابەندکەر لەسەر ڕادەستکردنی چەکی قورس، موشەکو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان نییە.
تاڵیب محەممەد کەریم پڕۆفیسۆری زانستی سیاسیی پێیوایە، جۆری هێرشی ئەمریکاو ئاستی بەشداریی ئیسرائیل کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بڕیاری گروپەکان دەبێت، بەشێوەیەک ئەگەر ئیسرائیل بەڕاستەوخۆ بەشداریی شەڕەکە بکات، ئەگەری فراوانبونی هێرشەکانی گروپەکان بۆ ناوەوەی خاکی ئیسرائیل زیاتر دەبێت.
غالب دەعەمی پڕۆفیسۆری میدیا پێشبینیدەکات، بەشداریی گروپەکان لەسەرەتادا ناڕاستەوخۆبێتو بەهێرشکردنەسەر بەرژەوەندییە ئەمریکییەکان دەستپێبکات، بەڵام توێژەران ئاماژە بەوەدەکەن، هەڵوێستی ئەو گروپانە یەکگرتوو نابێت.
بهگوێرهى هەندێک لەلێکۆڵەران، گروپە چەکدارییە نزیکەکان لەسوپای پاسدارانی ئێران، بەتایبەتی کهتائیبی حزبوڵڵاو بزوتنهوهى نوجەبا، دەتوانن بڕیارەکانیان بەهەژمارەکانی تارانەوە ببەستنەوەو هێرشەکانیان بۆسەر بەرژەوەندییە ئەمریکییەکانو دامەزراوەکانی وزە فراوان بکەن.
لەبەرامبەردا، گروپگەلێکی وەک عەسائبی ئەهلی حەقو کهتائیبی ئیمام عەلی ڕایانگەیاندوە، پابەندن بەکۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا.
عەباس عەبود توێژەرو ئەکادیمی هۆشداریدەدات، بەشداریی گروپهكان بۆ پشتیوانیی ئێران دەتوانێت بەرنامەی حکومەت تێکبداتو عێراق ناچاربکات بێ ویستی خۆی، بکەوێتە ناو شەڕەکەوە، هانی عاشور، توێژەری سیاسیش پێیوایە، هەوڵەکانی زەیدیی بۆ سپاردنی بڕیاری شەڕو ئاشتی بەدامەزراوە دەستورییەکان، نیشانەی ویستی فەرمیی عێراقە بۆ دورکەوتنەوە لەناکۆکییە ناوچەییەکان.
لەکۆتاییدا، سەرکەوتنی حکومەت پەیوەستە بەتوانای جێبەجێکردنی بڕیارەکانیو گۆڕینی هەڵوێستە سیاسییەکان بۆ هەنگاوی کرداریی، بەمەبەستی پاراستنی سەروەریی عێراقو ڕێگریکردن لەبەکارهێنانی خاکی وڵات بۆ شەڕی ئەمریکاو ئێران.
