شارپرێس:
ئەمڕۆ پێنجشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ژێرزەمین و تونێلەكانی حزبوڵڵای لە بەرزاییەكانی عەلی تاهیر لە باشوری لوبنان لەناوبرد.
هاوكات سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، "وێرانكردنی ژێرخانی حزبوڵڵا لە بەرزاییەكانی عەلی تاهیر، كۆنترۆڵی ناوچەكە تەواو دەكات، چ لە سەر زەوی و چ لە ژێر زەویدا".
سوپا لە درێژەی قسەكانیدا وتی: "هێزەكانی ئیسرائیل وێرانكردنی تونێلەكانی ژێرزەمینیان لە ناوچەی بەرزاییەكانی عەلی تاهیر تەواو كرد".
سوپای ئیسرائیل دەشڵێت: "رۆژی پێنجشەممە، دوای ئامادەكاری، فیرقەی 36 تونێلەكانی ژێر زەوی لە ناوچەی بەرزاییەكانی عەلی تاهیر لەناوبرد، كە حزبوڵڵا كاری پلاندانان و جێبەجێكردنی هێرشە تیرۆریستییەكانی دژی هاووڵاتیان و هێزەكانی ئیسرائیل لەم ژێرخانەوە بەكاری دەهێنا".