شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، محەممەد ئەلیازوری ناسراو بە(ئەبو هەیسەم) فەرماندەی لیوای خان یونس لەکەتیبەکانی قەسام (باڵی سەربازیی حەماس)ی بهئامانجگرتوه، دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەڕێگەی دوو موشەکەوە لەناوچەی مەواسی کردییە ئامانج.
ڕوداوەکە لەڕێگەیەکی سەرەکیی لەمەواسیی خان یونس لێدانەکە ڕویداو دوو کەسی کردە ئامانج کە یەکێکیان ئەلیازوری بوو، بهگوێرهى سەرچاوەکانی حەماس، بەهۆی شێواندنی جەستەیەوە دەستبەجێ نەناسراوەتەوە.
ئەلیازوری دوای كوژرانى عیزەدین حەدادو محەممەد عۆدە لەمانگی ئایاری ڕابردودا، بەرپرسیارێتیی لیوای خان یونس-ى لەئەستۆگرتبوو، پێشتریش فەرماندەی ناوەڕاستو ڕۆژئاوای خان یونس بوەو بۆ چەندین ساڵ لەپۆستی جیاوازدا کاریکردوە، لەوانە سەرپەرشتیکردنی دەزگای هەواڵگریی کە زانیاریی ئاسایشی بۆ هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 ئامادەکردبوو.
یازوری چەندینجار ڕوبەڕوی ههوڵى بهئامانجگرتن بوهتەوە، لەوانە هێرشەکەی ساڵی 2021 بۆسەر تونێلێک لەخان یونس کە لەگەڵ ڕافع سەلامە، محەممەد سنوارو یەحیا سنوار تێیدا ڕزگاریان بوو. هەروەها یەکێکبوە لەو فەرماندانەی سەرپەرشتیی هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی کردوەو ڕۆڵی لەپرۆسەی ڕادەستکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکاندا بینیوە.
لەهەمان هێرشدا، حوزەیفە ئەبو مەعمەر ئەندازیار لەقەسسام کە بەرپرس بوو لەپەرەپێدانی توانا سەربازییەکان، کوژراوه.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ڕەنگە ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل ئەبو مەعمەر بوبێتو زانیاریی وردیان لەسەر ئامادەبونی ئەلیازوری نەبوبێت.
