شارپرێس:
دەرەنجامەکانی یەکەم بەشداریکردنی قوتابخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان لەهەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتیی لێهاتویی قوتابیان (PISA)، شۆکێکی گەورەی لەناوەندە ئەکادیمیو پەروەردەییەکاندا دروستکردوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتە فەرمییەکان، هەرێمی کوردستان لەنێوان 91 وڵاتو ناوچەی جیهاندا، پلەی 87ى بەدەستهێناوە، کە ئاستێکە زۆر لەخوار تێکڕای پێوەرە جیهانییەکانەوەیەو تەنها چوار دەوڵەتو یەک شار لەخوار هەرێمەوە بون، ئەمەش وەک زەنگێکی مەترسیداری بێپێشینە لەسەر پاشەکشەی کوالێتیی خوێندنی حکومی لەقەڵەمدەدرێت.
ئامارە وردەکانی ناو ئەم هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییە ڕاستییەکی تاڵ سەبارەت بەتوانای زانستیی قوتابیان ئاشکرادەکەن؛ بەجۆرێک کە 0٪ی قوتابیانی هەرێم نەگەیشتونەتە ئاستی لێهاتویی باڵا یان ئاستی پێنجەم، لەکاتێکدا 76.8٪ی قوتابیان لەئاستی دوەمو خوارتردا ماونەتەوە کە لەسەرتاسەری جیهاندا بەئاستێکی زۆر لاواز لەلێهاتوییەکانی زانست، بیرکارییو خوێندنەوە دادەنرێت.
لەنێو ئەم پاشەکشە گشتییەشدا، جیاوازییەکی ڕەگەزیی پێوانەیی تۆمارکراوە، بەجۆرێک کچان بە 26 خاڵ لەزانستو بە 33خاڵ لەخوێندنەوەدا لەپێش کوڕانەوە بون کە ئەم جیاوازیەش لەبواری زانستدا وەک دوەم گەورەترین جیاوازیی ڕەگەزی لەسەر ئاستی جیهان دەستنیشانکراوە.
بهگوێرهى شیکاریی شارەزایان، کەمیی خزمەتگوزارییو نەبونی سەرچاوە بنەڕەتییەکان، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەم ئەنجامە نەرێنییانە هەبوە، چونکە لەئێستادا زیاتر لە 35٪ی قوتابیان لەو قوتابخانانەدا دەخوێنن کە کێشەی کەمیی مامۆستایانیان هەیەو تەنها 13.4٪ی قوتابیان لەکێشەی نەبونی پێداویستیی مادی بەدوربون.
هاوکات قەیرانی ئابورییو هەژاریی باڵی بەسەر پۆلەکاندا کێشاوە، بەشێوەیەک کە زیاتر لەیەک لەسەر سێی قوتابیان لەسەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان وەک جلوبەرگو پێڵاو بێبەشن، ئەم واقیعە سەختە بوەتە هۆی دروستبونی بێئومێدییەکی قوڵ بەداهاتوو، بەجۆرێک تەنها 48.5٪ی قوتابیان باوەڕیان وایە خوێندن بتوانێت پێگەی کۆمەڵایەتیو ئابورییان بگۆڕێت کە ئەمەش ڕێژەیەکی کەمەو 17.9٪ لەخوار تێکڕای جیهانییەوەیە.
سەرەڕای ئەم دۆخە نالەبارەو قەیرانە قورسانە، لایەنە پەروەردەییو مرۆییەکانی ناو قوتابخانەکان، چەند ئامارێکی ئەرێنیو هیوابەخشیان تێدا بەدیدەکرێت؛ لانیکەم 85.4٪ی قوتابیان بەشدارییان لەچالاکییە ژینگەییەکاندا کردوەو 89.6٪یان لەقوتابخانەیەکدا بون کە کولتوری هاوکارییو وانەوتنەوەی نێوان قوتابیان بۆ یەکتری فەراهەمکراوە، هاوڕێیەتیو کەشی پۆلەکانیش تاڕادەیەک لەتوندوتیژی بەدوربوە، بەوپێیەی ڕێژەی بێزارکردن لەناو پۆلەکاندا تەنها 18.1٪ بوەو ئازاردان لەڕێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە لەخوار 5٪ ماوەتەوە.
ههروهها لەبواری خۆڕاگرییو هەوڵدانی ئەکادیمی سەرەڕای هەژاریی، قوتابیانی هەرێم پلەی شەشەمی جیهانییان گرتوەو زیاتر لە 21٪یان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ئەوەی 62.2٪ی قوتابیان بەهایەکی بەرز بۆ پرۆسەی فێربون دادەنێنو تینوی زانستن کە ئەمەش دەیسەلمێنێت کێشەکە لەتوانای خودی قوتابیو هۆشیاریی ئەواندا نییە، بەڵکو لەسیستەمو ژینگەی پەروەردەییدایە.
