شارپرێس:
گۆڕانکارییە سەربازییەکانی گۆڕەپانی یەمەن گەیشتونەتە لوتکەی گرژیی، ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارانی حوسی توانییان بەشێوازێکی کتوپڕو خێرا کۆنترۆڵی تەواوی گەروی ستراتیژیی بابولمەندەبو شاری کەناراوی مۆخا بکەن، ئەم بهرهو پێشهوهچونه کتوپڕە لەنەخشەی مەیدانەکەدا، بوەتە هۆی دروستبونی شۆک لەناوەندە سیاسییو سەربازییەکانی ناوچەکەداو کۆمەڵێک لێکەوتەی قورسی بەدوای خۆیدا هێناوە.
وهكو ئهبو فاروق ئیدلبى شرۆڤهكارى سیاسیى ئاشكرایكردوه، گرنگترینو زەقترین لێکەوتەی ئەم پەرەسەندنە خێرایە، لەدەستدانی کۆنترۆڵی هێزەکانی سەر بەحکومەتو لایەنە دژبەرەکانی حوسی بوو لەسەر زەوی، بهگوێرهى زانیارییە سەرەتاییەکان، پاشەکشەیهكى گەورە لەبەرەکانی جەنگ ڕویانداوە کە لەئەنجامدا نزیکەی 50 هەزار چەکداری یەمەنی بەتەواوی لەناوچەکانی دەوروبەری بابولمەندەب پاشەکشەیانکردوەو بەکۆمەڵ بەرەو سنوری وڵاتانی دراوسێ هەڵاتون.
ئیدلبى ئهوهشى ئاشكراكرد، ئەو هێزانە بەهۆی خێرایی ڕوداوەکانو نەبونی فەرماندەیی یەکگرتوو، ناچاربون تەواوی چەکە قورس، مامناوەندو سوکەکانی خۆیان لەدوای خۆیان بەجێبهێڵن، سەرجەم ئەو چەکو جبەخانە سەربازییە گەورانە، بەبێ بەرگرییەکی ئەووتۆ کەوتونەتە دەستی چەکدارانی حوسی، ئەمەش هێزی سەربازیی ئەوانی لەناوچە کەناراوییەکاندا چەند هێندە کردوە.
لەسەر ئاستی خوێندنەوەی ستراتیژی بۆ ئەم دۆخە، ئەبو فاروق ئیدلبى تیشکیخستوەتەسەر ئاڵۆزییەکانی پشت ئەم کشانەوە کتوپڕە، بهگوێرهى تێڕوانینەکانی ئەم شیکەرەوەیە، ڕوداوەکە تەنها شکستێکی سەربازیی سادە نییە، بەڵکو پرسیارو گومانی قورسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی دروستکردوە کە ئایا تەڵەیەکی تاکتیکییە؟ واته ئایا ئەم کشانەوە بەکۆمەڵە پلانێکی داڕێژراوە بۆ ڕاکێشانی حوسییەکان بۆ ناوچەیەکی کەناراوی کراوە تا لەداهاتودا گەمارۆدانیان ئاسانتربێت، بەشێوازێک کە دەریا لەپشتیانەوە بێتو هێزەکانی دیکە لەپێشیانەوە؟
وهكو دهشپرسێت، ئایا پاساوە بۆ دەستوەردانی نێودەوڵەتی؟ ئایا دۆخەکە بەئەنقەست گەیەنراوەتە ئەم خاڵە تا کۆنترۆڵکردنی گەروی نێودەوڵەتیی بابولمەندەب لەلایەن حوسییەکانەوە، ببێتە بەهێزترین پاساوی یاسایی بۆ هێزە نێودەوڵەتیو بیانییەکان تا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستوەردانی سەربازیی لەیەمەندا بکەن؟.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە دەرگای بەڕوی سیناریۆی جیاوازدا کردوەتەوە، لهو ڕوهشهوه چاودێران پێیانوایە، کەوتنی بابولمەندەب بەمشێوازەو جێهێشتنی ئەو قەبارە گەورەیەی چەک، تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی یەمەن نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاردەکاتەسەر ئاسایشی گەشتی دەریایی نێودەوڵەتی لەدەریای سورداو وڵاتانی هاوسێش دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشیی توندەوە بەهۆی نزیکبونەوەی مەترسییەکان لەسنورەکانیان.
