شارپرێس:
ئەمریکا پشتگیرییەکانی خۆی لەبواری هەواڵگرییو یارمەتیدانی دیاریکردنی ئامانج بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سعودییە دژی حوسییەکانی یەمەن فراوانتركرد، زیاتر لە100 سەربازی ئەمریکی لەم ئەرکەدا بەشدارن، لەکاتێکدا بەرپرسێکی ئەمریکی ژمارەکەی بەنزیکەی 200 سەرباز خەمڵاندوە؛ ئەوان لەچوارچێوەی فەرماندەییەکی هاوبەشی نوێدا کاردەکەن کە بەتازەیی دامەزراوە.
ئەم پشتگیرییە ئەمریکییە ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان، دابینکردنی داتاو زانیارییە جوگرافیاییەکان بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان لەخۆ دەگرێت، هەروەها ئامرازێکی مەیدانی دراوەتە دەست ئەفسەرە سعودییەکان کە وێنەیەکی ڕاستەوخۆ لەبارودۆخی جەنگو دۆخی مەیدانی ئۆپەراسیۆنەکان پێشکەشدەکات.
ئەمریکا هەروەها سیستەمێکی نەرمەکاڵایی بۆ چاودێریکردنی مەیدانی جەنگو دیاریکردنی ئامانج بەشێوەی ڕاستەوخۆ دابینکردوە؛ سیستەمێک کە لەڕوی کارکردنەوە هاوشێوەی ئامرازی زیرەکیی دەستەراتیژیی Project Maven ـە کە پێنتاگۆن لەئێران بەکاریهێناوە.
ئەم ئامرازە پشت بەپشتگیریی دیاریکردنی ئامانج بەبەکارهێنانی زانیارییە جوگرافیایی-شوێنەکییەکان (Geospatial Targeting) دەبەستێت؛ بەشێوەیەک کە بتوانێت شوێنی سەکۆکانى هەڵدانى موشەکو فڕۆکە بێفڕۆکەکان (درۆن) چاودێریی دیاریبکات.
ئامانجی سەرەکی لەدابینکردنی ئەم تەکنەلۆژیا زیرەکە بۆ سعودیە ئەوەیە کە یارمەتی بدات بۆ لێدانێکی وردترو دروستترى ئامانجەکان.
بهگوێرهى ڕاپۆرتی CNN، چەندین بەرپرسیی ئەمریکی پێیانوایە کە ئێران پشتگیرییەکی گەورە بۆ حوسییەکان دابیندەکات.
هەروەها دەڵێن سەدان کەس لەئەندامانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەئێستادا لەیەمەن هەنو یارمەتی حوسییەکان دەدەن بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان، بەمەبەستی دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر هاتوچۆی کەشتییە بازرگانیو سەربازییەکان لەگهروى بابولمەندەب.
