شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بەفەرمی داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لەخاکەکانی سوریا کردو لەهەمانکاتدا پشتگیریی خۆی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان سوریاو ئیسرائیلدا دەربڕیی، ڕاشیدهگهیهنێت، "هەر بڵاوەپێکردنێکی سەربازیی لەناوچەی دابڕانی سەر سنوری سوریا، بەپێشێلکاریی ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی 1974 دادەنرێت".
پاریس پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هێزەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ چاودێریکردنی جیاکردنەوەی هێزەکان دوپاتکردەوەو جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایشی ئەو هێزانە کردەوە.
ئەم هەڵوێستەی فەرەنسا دوای ئەوەدێت، ڕاپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتوەکان لە8ی ئەم مانگهدا زانیاریی لەسەر زیادبونی هێرشو دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆسەر خاکەکانی سوریا ئاشکراکرد کە تێیدا هاتوە، "هێزەکانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی ڕۆژانەو بەردەوام ئۆپەراسیۆنی چونەناوخۆی وشکانی، دەوریە، هەڵکوتانەسەرو پشکنین ئەنجامدەدەن، ئەمەش بوەتە هۆی ئاوارەبونی دانیشتوانی ناوچەکە".
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوەشدەکەن، هێزەکانی ئیسرائیل جگە لەئەنجامدانی بۆردومانی تۆپخانەییو ئاسمانی لەچەندین حاڵەتدا، بەردەوام دەستدرێژی دەکەنەسەر هاوڵاتیانی سوریو موڵکو ماڵیانو سەرەڕای ئەوەش دەستدەدەنە سوتاندنی دارستانەکانو ڕوخاندنو وێرانکردنی باڵەخانەکان لەو ناوچانەدا.
ئهو ڕێكهوتنهى فهرهنسا ئاشكرایدهكات، ڕێککەوتنێکی نێودهوڵهتى مێژوییە کە لەساڵی 1974 لەنێوان سوریاو ئیسرائیلدا واژۆکرا بەمەبەستی ڕاگرتنی شەڕو دروستکردنی ناوچەیەکی بێچەک لەبەرزاییەکانی جۆلان کە تێیدا جێگیرکردنی هێزی سەربازیی لەلایەن هەردولاوە قەدەغەیەو تەنها هێزەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان (UNDOF) مافی چاودێریکردنی ئەو ناوچەیەیان هەیە.
