شارپرێس:
هیلاری کلینتۆن وەزیری پێشوتری دەرەوەی ئەمریکا، دژایەتیی توندی خۆی بۆ سیاسەتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیاندو داوای لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کرد کە هەڵوێستێکی زۆر توندو ڕاشكاوانه وەربگرێت ئەگەر هاوڵاتیانی ئیسرائیل لەهەڵبژاردنەکانی داهاتودا دوبارە ناتانیاهۆ هەڵبژێرنەوە.
کلینتۆن لەلێدوانێکدا، واقیعی سیاسیی ئێستای ئیسرائیلو ئەمریکای بەستەوە بەیەکەوەو ڕایگەیاند، "من ئیسرائیلم خۆشدەوێت، بەڵام ڕقم لەحکومەتەکەی ناتانیاهۆو سیاسەتەکانیەتی، بەهەمانشێوە ئەمریکام خۆشدەوێت، بەڵام ڕقم لەئیدارەو سیاسەتەکانی ترەمپە".
وەزیری پێشوتری دەرەوەی ئەمریکا داوای لەئیدارەی واشنتۆن کرد کە زۆر بەجدی مامەڵە لەگەڵ دەرەنجامەکانی سندوقەکانی دەنگدانی ئیسرائیلدا بکاتو وتی، "ئەگەر ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت دوبارە دەنگ بەم کەسە (ناتانیاهۆ) بدەنەوە، ئەوا پێموایە دەبێت ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا هەڵوێستێکی زۆر توندو یهكلاكهرهوه لەبەرامبەریدا وەربگرێت".
ئەم لێدوانە توندانەی هیلاری کلینتۆن لەکاتێکدا دێن کە بڕیارە لە 27ی تشرینی یەکەمی داهاتودا، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) بەڕێوەبچن، چاودێرانیش پێیانوایە ئەم هەڵبژاردنانە لەدوای چەندین ساڵ لەشەڕی توندو قەیرانی بەردەوام، وەک تاقیکردنەوەیەکی گشتگیرو چارەنوسساز بۆ داهاتوی سیاسیی ئیسرائیلو پێگەی ناتانیاهۆ سەیردەکرێت.
