هێزه‌ عێراقیه‌كان بەرەو چیایەکی کوردستان جوڵه‌ ده‌كه‌ن‌و لەشنگال جێگیردەبێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6779 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وەرچەرخانێکی گەورەی ئەمنی لەهه‌رێمى كوردستان ڕادەگەیەنێت، به‌گوێره‌ى فەرمانی نوێی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هێزە عێراقیه‌كان بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا بەرەو چیایەکی ستراتیژیی کوردستان دەکەونە جوڵەو لەسەر لوتکەکانی چیای شنگال جێگیردەبن؛ ئەم هەنگاوە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری فەرمیی گروپەکانی بەرخۆدانی شنگال بۆ ڕادەستکردنی تەواوی چەکە قورس‌و سوکەکانیان بەدەوڵەت‌و کۆتاییهێنان بەقۆناغی فرەدەسەڵاتی ئەمنیی لەناوچەکەدا.


عەلی زەیدیی سەرۆک وه‌زیرانى عێراق، لەچوارچێوەی پێشوازیکردنی لەوەفدێکی باڵای سەرکردایەتیی هاوپەیمانی دۆزی ئێزدیان‌و پەرلەمانتار موراد ئیسماعیل‌و فه‌رمانده‌ى گشتیى یه‌كینه‌كانى به‌رخۆدانى شنگال ئاماژەی بەوەکرد، جێگیربونی هێزه‌ عێراقیه‌كان لەسەر چیای شنگال‌و هێشتنەوەی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا، بنەمایەکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی دانیشتوان‌و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی ئارام بۆ قەزاکە.

زەیدیی جەختیکردەوە، حکومەت لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستە نیشتمانییەدا، پابەند دەبێت بەپاراستنی مافی سەرجەم ئەندامانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال‌و یەکینەکانی ژنان، ئەمەش لەڕێگەی ڕێکخستنی ڕەوشی یاساییان‌و تێکەڵکردنی ئەوکەسانەی ئامادەیییان تێدایە لەچوارچێوەی دامەزراوە سەربازیی‌و ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا كاربكه‌ن.

لەلایەکی دیکەوە، بڕیاری کۆنترۆڵکردنی سەربازیی ناوچەکە لەلایەن سوپای عێراقەوە، تەنها ڕەهەندی ئەمنی لەخۆ نەگرتوە، بەڵکو حکومەت بەڵێنیداوە کە شنگال لەگۆڕەپانی ململانێ هەرێمییەکان دوربخاتەوەو کار بۆ بوژاندنەوەی بکات، لەو سۆنگەیەوە، سەرۆک وەزیران فەرمانی بەکاراکردنی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال، قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان‌و گرتنەوەی پێکهاتەی ئێزدی لەپرۆژەی نیشتەجێبونی یەک ملیۆن پارچە زەوی کردوە، تاوەکو زەمینە بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بڕەخسێت.

لەکۆتایی کۆبونەوەکەشدا، بڕیاردراوه‌ لیژنەیەکی باڵا بۆ ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی گشتگیر لەسەر پێداویستییە خزمەتگوزاریی‌و ئەمنییەکانی قەزاکە پێکبهێنرێت کە لەلایەن ئەندامانی وەفدی ئێزدییەوە پێشوازییەکی گەورەی لێکراو پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ جێگیربونی هێزەکانی دەوڵەت دەربڕیی.