شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لەڕێوڕەسمی یادکردنەوەی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەردا، هۆشداریی توندیدایە کۆماری ئیسلامیی ئێرانو بەفەرمی ڕایگەیاند، ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا بەچڕیی ڕوبەڕوی تیرۆر دەبێتەوە، دهشڵێت، "هەرگیز ڕێگەنادهین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی"، ترەمپ ئێرانی وەک گەورەترین سپۆنسەری تیرۆر لەجیهاندا وەسفکردو جەختیکردەوە، وڵاتەکەی قوربانیانی 11ی سێپتەمبەر لەبیر ناکاتو شەڕی دژی تیرۆر بەردەوامدەبێت.
ئەم لێدوانە توندانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕاستەوخۆ دوای ڕاپۆرتێکی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) دێت کە تێیدا ئاشکراکراوە جوڵەو چالاکیی نوێ لەپێگەی ئەتۆمیی (جەبەل ئەلفەئەس ـ چیای تەور یان قوڵینگ) لەئێران بەدیکراوە، ئەم پێگەیە کە دەکەوێتە باشوری دامەزراوەی سەرەکیی پیتاندنی یۆرانیۆمی (نەتەنز ـ نزیکەی 220 کیلۆمەتر لەباشوری تاران)، بەیەکێک لەقایمترینو پارێزراوترین دامەزراوە ژێرزەمینییەکان دادەنرێت کە گومانی بەهێزی چالاکیی ئەتۆمیی نایاسایی لێدەکرێت.
ڕافایل گڕۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی بلۆمبێرگ ڕایگەیاندوە، پشکێنەرانی ئاژانسەکە تائێستا نەیانتوانیوە پشکنین بۆ کۆمەڵە تونێلەکانی ناو ئەو چیایە بکەن، بەڵام وێنە مانگە دەستکردەکان بەڕونی نیشانیدەدەن کە کارکردنو گۆڕانکاریی نوێ لەو شوێنەدا لەئارادایە.
گڕۆسی ئاماژەی بەوەشکردوه، ئاژانسەکە چەندین ئاماژەی لەسەر بونی چالاکیی گۆڕانکاریی لەدەوروبەری شوێنی بونیادنانەکە تۆمارکردوە، بەڵام هێشتا زانیاریی وردو سەلمێنراویان لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەسروشتی ڕاستەقینەی ئەو چالاکییانەی لەناو قوڵایی چیاکەدا ئەنجامدەدرێن.
