شارپرێس:
گروپە چەکدارەکانی عێراق مەرجێکی نوێو پێشوەختە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان بەدەوڵەت دادەنێنو داوادەکەن، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش چهك دابنێن، لەبەرامبەردا، قەیس خەزعەلی ئەو مەرجەی گروپە چەکدارەکانی ڕەتکردەوەو جەختی لەسەر پێگەی یاسایی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە.
قەیس خەزعەلی سەرۆکی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، بەفەرمی ڕایگەیاند، "هێزەکانی پێشمەرگە دامەزراوەیەکی دەستوریی دانپێدانراون لەڕوی یاساییەوەو ناچنە ژێر چوارچێوەو پێوەرەکانی داماڵینی چەک لەگروپە نادەوڵەتییەکان".
خەزعەلی ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکانی گروپەکەی ئەو (عەسائیب) بەشێوازێکی ڕاستەقینە جێبەجێکراوە نەک تەنها بەناوو شکڵی، پرۆسەی كۆكردنهوهى چەک لەدەستی دەوڵەتدا بەئاواتێکی ڕەوا بۆ جێگیرکردنی سەقامگیریی وڵات دادەنێت کە تێیدا سەرکردە سیاسییە شیعەکان لەهەموان زیاتر بەرپرسیارن لەسەرخستنی.
لەلایەکی دیکەوە، چاودێرانی سیاسییو مەیدانی پێیانوایە، دانانی ئەمجۆرە مەرجە قورسو نهكردهییانه لەلایەن گروپە چەکدارە نزیکەکانی ئێرانەوە، تەنها هەوڵێکە بۆ کاتکوشتنو دواخستنی پڕۆسەکە، تاوەکو دەرەنجامو کۆتایی ململانێو گرژییە هەرێمایەتییەکانی ناوچەکە بەتەواوی ڕوندەبنەوە.
