شارپرێس:
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ڕونکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی هۆکاری داخرانی چەند مەرزێکی سنوریی وڵات بڵاوکردەوە.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوه، "لایەنە ئەمنییە تایبەتمەندەکان دەستیان بەپڕۆسەیەکی ڕێکخستنی کارگێڕییو ئەمنی لەچەند مەرزێکی سنوریدا کردوە، ئەم ڕێکارەش وا دەخوازێت کە ئەو مەرزانە بەشێوەیەکی کاتیی دابخرێن".
لەبەیاننامەکەدا هاتوە، "زنجیرەیەک ڕێکاری یاسایی پێویست گیراونەتەبەر، هاوشان لەگەڵ چڕکردنەوەی کارە هەواڵگرییەکانو پڕۆسەی لێکۆڵینەوەو وردبینی، بەمەبەستی دۆزینەوەی وردهكارییه شاراوهكانو هۆکاری ئەو پێشێلکارییو سەرپێچیانەی لەو مەرزانەدا ڕویانداوە، تاوەکو چارەسەرو ڕێگهچارەی گونجاویان بۆ دابنرێت".
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لەکۆتاییدا هاوڵاتییانو گەشتیاران دڵنیادەکاتەوەو دەڵێت، "هاوڵاتییانو گەشتیاران ئاگاداردەکەینەوە کە هەردوو مەرزی سنوریی (زڕباتیهو مونزریە) بەڕوی هاتوچۆی گەشتیاراندا کراوەنو کارەکانیان بەردەوامە".
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ میدیا عێراقییەکان ڕایگەیاندوە، دوای هێرشەکانی سەر سعودیە لەخاکی عێراقەوە، بەبڕیاری عەلی زەیدیی هەردوو دەروازەی سنوریی (ئەلشەیبو شەلامچە) لەنێوان عێراقو ئێران داخراون.
دەروازەی سنوریی ئەلشەیب لەمیسانو دەروازەی سنوریی شەلەمچە لەبەسرە، دوو لەگرنگترینو سەرەکیترین دەروازە وشکانیو نێودەوڵەتییەکانی نێوان عێراقو ئێرانن کە ڕۆڵێکی ستراتیژیی لەئاڵوگۆڕی بازرگانی، گواستنەوەی کاڵاو هاتوچۆی گەشتیاران (بەتایبەت گەشتیارانی ئاینی) دەگێڕن.
