په‌رله‌مانتارێك: هەرێم مەترسی نەمانی خۆراکی مانگانەی نیەو بەغداد گەرەنتی داوە

کوردستان

24/03/2020‌ 610 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی فراکسیۆنی ئایندە له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هەرێمی کوردستان ئەو بەشەی بودجەیەی لە عێراق بۆی دابینکراوە تا ئێستا مەترسی لەسەر نیە بۆ ئەمساڵ عێراق گەرەنتی نەختینەی هەیە و بەرگەی قەیرانەکە ئەگرێ، هەفتەی ئایندەش موچەی فەرمانبەران دەدرێت لە عێراق و بانکە حکومیەکان کراوە ئەبن.

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامێكی فراکسیۆنی ئایندە له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ نوسینێكدا له‌باره‌ی به‌شه‌ خۆرامی هاوڵاتیان رایگه‌یاند، "هەرێمی کوردستان ئەو بەشەی بودجەیەی لە عێراق بۆی دابینکراوە تا ئێستا مەترسی لەسەر نیە بۆ ئەمساڵ عێراق گەرەنتی نەختینەی هەیە و بەرگەی قەیرانەکە ئەگرێ، هەفتەی ئایندەش موچەی فەرمانبەران دەدرێت لە عێراق و بانکە حکومیەکان کراوە ئەبن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "حکومەتی بارزانی/تاڵەبانی ئیفلاسی خۆی راگەیاندوە و هیچ هەواڵێکی خۆشی بۆ فەرمانبەران و خێزانە کەم دەرامەتەکان پێ نیە، وەک ئەوەی شتێک نەبێت بە ناوی موچە".

سەرکەوت شەمسەدین ده‌شڵێت، "کاتی ئەوەیە بێ دەنگی بشکێنین و رێگە نەدەین کۆرۆنا بکرێتە بیانو بۆ کوشتنی خەڵک لە برسا".

رونیشیكردووه‌ته‌وه‌، "دەزانن چەند خێزان و منداڵ بەهۆی نەبونی ئێستا ژەمی پێویستیان نیە بۆ خواردن؟ ئەی ئەزانن نەبونی خواردنی پێویست بەرگری لەش دادەبەزێنێت ئەوەش گەورەترین مەترسییەو لەسەر هەرکەس کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت؟".

باسی له‌وه‌شكردووه‌، "ئێستا پێمناڵێن وەڵامتان چییە بۆ ئەو خەڵکە هەژارە؟ ئەی پلانتان بۆ حەپسکردنی فەرمانبەران چییە؟ ئێوە کە هێندە شکستخواردون بۆ نارۆن و لەکۆڵمان نابنەوە؟".