شارپرێس:
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوكردهوه و دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دەكات له ههنگاوهكانیان بۆ رووبهڕووبونهوهی كۆرۆنا.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان له راگهیهندراوێكدا رایگهیاندووه، "هەرێمی کوردستان و ناوچەکەو جیهان بەقۆناغێکی سەخت و هەستیاری مێژووی خۆیدا تێدەپەرێت کە قۆناغی خۆپاراستن و ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆناو ئیدارەدانی لێکەوتە تەندروستی و ئابوورییەکانیەتی".
ئاماژهی بهوهشكردووه، هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی یەکەم کەیسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان پەرلەمانی کوردستان لە رێگهی لیژنەی تەندروستی و ژینگەو پاراستنی مافی بەکاربەر لەگەل لیژنە تایبەتمهندەکانی دیکە بەردەوام لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووەو بەدواداچوونی وردی بۆ ئامادەکارییەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنە پێویستەکان کردووە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان باسی لهوهشكردووه، بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە دەستخۆشی لەهەوڵ و ماندووبوونی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین بۆ هەموو هەوڵ و ماندووبوونەکانیان، هەروەها ویڕای دەستخۆشیی زۆرمان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە سەرباری خراپیی دۆخ و گوزەرانیان و لەدەستدانی کاری ڕۆژانەیان بەشێوەیەکی باش پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانن.
دهشڵێت، "داواو تکامان لە هاوڵاتییانی خۆشەویست ئەوەیە بەمانەوەیان لە ماڵەکانیان و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ سەلامەتیی خۆیان و تەواوی خەڵکی کوردستان پشوو درێژتربن و هاوکاریی زیاتر جێبەجیکردنی رێنماییەکان بن. هەروەها سوپاسی زۆرمان بۆ هەموو ئەو دامەزراو و لایەن و کەسانەی کە لەچوارچیوەی کاری خێرخوازی و بەدەمەوەچوونی ئەو کەس و خێزانانەی پێویستییان بەهاوکاری بووە، کاری باشیان کردووەو ئومێدەوارین وەک نەریتێکی مرۆیی و کوردستانیانە هەمووان بەپێی توانا زیاتر هاوکار بن".
ئهوهش خراوهتهڕوو، ئەرکی بەڕیوەبردن و ئیدارەدانی ئەم قۆناغە سەختە لە تایبەتمەندێتیی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، کە بەسوپاسەوە دامەزراوەکانی حکومەتی هەریمی کوردستان لە سنووری تواناکانی بەردەست درێغییان نەکردووە.
لهبارهی كۆبوونهوهكانی پهرلهمانی كوردستانهوه، سهرۆكایهتی پهرلهمان رونیكردووهتهوه، بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان ناتوانێت دانیشتنەکانی خۆی و کۆبوونەوەی لیژنەکانی ئەنجامبدات، لەگەل ئەوەشدا لیژنەی تەندروستی و ژینگەو پاراستنی مافی بەکاربەر، لیژنەی پێشمەرگە، لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری و لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان رادەسپێرێت کارەکانی چاودێری و بەدواداچوون و پەیوەندی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان زیاتر بکەن، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەرچی لەچوارچیوەی تواناکاندایە زیاتر بخرێتەگەڕ بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغه.
پەرلەمانی کوردستان داوا لە هەموو لایەک دەکات بەگیانی لێپرسراوێتیی نیشتیمانی هەموومان پیکەوە شان بدەینە بەر تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە. ئەم قۆناغە لە هەر کات زیاتر پێویستیی بە گیانی هاوکاری و پێکەوەیی و هاوخەباتی و هاوهەڵوێستیی هەموو لایەک و هەموو دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمە.