شارپرێس:
مەترسیی شەڕی ئەتۆمیی جیهانی لەزیادبوندایە، بەتایبەتی لەچوارچێوەی پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان ڕۆژئاواو ڕوسیا لەسەر ئۆکرانیاو کەڵەکەبونی هەڕەشەی دوبارە بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش پرسیاری ئەوە دەوروژێنێت کە جیهان لەئەگەری ڕودانی شەڕێکی ئەتۆمیدا چۆن بێت؟.
ڕۆژنامەنوسی ئەمریکی، ئانی جاکۆبسن لەکتێبە نوێیەکەیدا بەناوی "جەنگی ئەتۆمی: سیناریۆیەک" هەوڵدەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.
بەگوێرهى هەواڵێکی پێگەی پۆلیتیکۆ، ئەو سیناریۆیەی لەکتێبەکەدا هاتوە، هەرچەندە خەیاڵییە، بەڵام لەدەیان چاوپێکەوتنو بەڵگەنامە دروستکراوە، کە هەندێکیان لەمدواییانەدا پۆلێن نەکراون، وەک بنەمایەکی واقیعی بۆ وەسفکردنی ئەوەی کە دەکرێت ڕوبدات.
بەوردی سیناریۆی جاکۆبسن وا گریمانە دەکات کە سەرۆکی کۆریای باکور موشەکێکی بالیستیکی کیشوەربڕ بەرەو پنتاگۆنو موشەکێکی دیکە لەژێردەریاییەوە لەڕیاکتۆرێکی ئەتۆمی لەکالیفۆرنیا دەکات.
بەمشێوەیە سەرۆکی ئەمریکا شهش خولەکی لەبەردەمدایە بۆ بڕیاردان لەسەر وەڵامێک، سەرۆکی ئەمریکا کۆشکی سپی دوردەخرێتەوەو فشاری زۆری لەسەردەبێ بۆ ئەوەی موشەکی بالیستیکی کیشوەربڕ بەهەر 82 ئامانجەکانی کۆریای باکورەوە بنێت کە پەیوەندییان بەتوانا ئەتۆمییو سەربازییەکانی وڵاتەوە هەیە.
موشەکەکانی ئەمریکا بەسەر ڕوسیادا دەفڕنو سەرکردەکانیش ئەمە دەدۆزنەوەو وا دەزانن وڵاتەکەیان لەژێر هێرشدایە، لەکاتێکدا سەرۆکەکانی ڕوسیاو ئەمریکا ناتوانن لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بەیەکترەوە بکەن، بەڵام موشەک بەیەکترەوە دەنێن.
لەماوەی 72 خولەکدا سێ وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی توانای کوشتنی ملیارەها کەسیان هەیە، ئەوانی تریش هەر لەبرسێتیدا دەمێننەوە لەسەر زەوییەکی ژەهراوی کە خۆر نادرەوشێتەوەو چیتر خۆراک گەشە ناکات.
جاکۆبسن دەڵێت:"بەشێک لەڕاستییە ترسناکەکان سەبارەت بەشەڕی ئەتۆمی، یان ئەگەر پێکدادانی ئەتۆمی ڕوبدات، ئەو کاتژمێرە کاتییە شێتانەیە کە لەساتەوەختی ئاشکرابونی هەڵدانی موشەکی ئەتۆمییەوە لەبەردەم سەرۆکی وڵاتدایە بەشێوەیەک تەنها شهش خولەکی هەیە، ئەوە کاتێکی سەختە بۆ بڕیاردانی ئەم بڕیارە.
هەروەها پێیوایە کە "ژێردەریاییەکان لەمجۆرە سیناریۆیانەدا کوشندەترنو تەنانەت بەخزمەتکاری کۆتایی جیهان ناودەبرێن"، ئاماژەی بەوەشکردوە "ژێردەریاییەکانی ڕوسیاو چینی دەتوانن تەنها چەند سەد میلێک لەکەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتو ڕۆژئاوای ئەمریکاوە دزە بکەن".
ئەم کتێبە لەکاتێکدایە کە دوو وڵاتی خاوەن گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمیی لەجیهاندا، ئەمریکاو ڕوسیا، شاهیدی ناکۆکییەکی توندوتیژن لەئۆکرانیا، پەخشکەرێکی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕوسیا ململانێی نێوان مۆسکۆو ناتۆ بە"حەتمی" وەسفدەکات. هەروەها ئێران لەهەموو کاتێک زیاتر لەچەکی ئەتۆمی نزیک بوەتەوە.
جێگهی سەرنجە کە پێشتر چەند لێکۆڵینەوەیەک سیناریۆی ترسناکیان باسکردوە کە لەئەگەری ڕودانی شەڕی ئەتۆمیدا ڕەنگە جیهان چۆن بێت، کە هەمویان لەسەر یەک شت کۆکن، ئەویش لەناوبردنی مرۆڤایەتییە.