یه‌كێتی بۆ مه‌سرور بارزانی: ئێمه‌ تاقم و ده‌سته‌ نیین به‌ڵكو حزبێكی كوردستانین

کوردستان

17/04/2020‌ 3535 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تیمی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌ڵامی مه‌سرور بارزانیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تێڕامان په‌یامه‌كه‌ی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە، کە تیایدا هێرشێکی ناڕەوای کردووەتە سەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. 

تیمی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاندووه‌، "بەشدارکردنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کابینەی نۆیەمینی حکومەت لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی سیاسی بو، لەسەر بنەمای هاوبەشی لە بڕیار و بەڕێوەبردن و لە پێناو سەقامگیری سیاسی و هەڵگرتنی بەرپرسیاریێتی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان". 

باسی له‌وه‌شكردووه‌، "ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تێڕامان پەیامەکەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە، کە تیایدا هێرشێکی ناڕەوای کردووەتە سەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان". 

تیمی یه‌كێتی له‌ حكومه‌ت ده‌شڵێت، "یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان تاقم و دەستە نیە. حزبێکی تێکۆشەری خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و ئایندەیەکی گەشە. تیمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، نوێنەرایەتی دید و ستراتیژ و تێڕوانینە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات، لەو بارەیەوە یەکێتی هاوبەشی هەموو دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان حزبێکی کوردستانی سەرتاسەریە و دژی دوو ئیدارەییە و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیمان لە کابینەی رابردوو و ئێستاشدا سەلمێنەری ئەو راستییەیە". 

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، "تیمی یەکێتی لە حکومەت لەسەر بنەمای دەوڵەتداری ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکات لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتییاندا، بەڵام بە شانازییشەوە نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەین و لە چوارچێوەی بەرنامەی پەسەندکراوی حکومەت لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە کار دەکەین. بۆیە لەم بارودۆخە ناهەموارەدا، پێویستە حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکانی تەرخان بکرێن بۆ خزمەتی هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان نەک ببن بەبەشێک لە کێشە سیاسیەکان".

رونیشیكردووه‌ته‌وه‌، "لەم بارەیەوە تیمەکەمان نامەیەکی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە".