قائیمقامی سلێمانی وردەكاری كردنەوەی بازاڕەكانی شارەكە ئاشكرادەكات

کوردستان

18/04/2020‌ 471 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
قائیمقامیەتی سلێمانی  رایدەگەیەنێت، لەژێر چاودێریەكی چڕی تەندروستیدا لە سبەینێوە رێگە بەكردنەوەی مەرجداری بەشێكی تر لە دووكان و شوێنەكانی تایبەت بە پێداویستی هاوڵاتیان دەدات .

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی  قائیمقامی سلێمانی، هەر شوێنێك پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن  نەبێت و هۆكاربێت بۆ بڵابونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رووبەڕووی رێكاری توندی یاسایی دەكرێتەوە


ئاوات محەمەد ئاماژەی بەوەكردووە، لە چوارچێوەی بڕیارەكانی لیژنەی ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا و وەك كارئاسانیەك بۆ بژێوی ژیانی كاسبكاران و هاوڵاتیان  لە سبەینێوە رێگە بەكردنەوەی بەشێكی تر لە دووكان و شوێنەكانی تایبەت بە پێداویستی هاوڵاتیان دەدەن , بەڵام لەژێر چاودێریەكی توندی تەندروستیدا و هەر شوێنێك پابەند نەبێت بەرێكار و رێنماییەكانی خۆپارێزی و هۆكاربێت بۆ بەریەككەوتن و كۆبونەوەی هاوڵاتیان  سەرباری ئەوەی شوێنەكەی دادەخرێت رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەكرێتەوە.

قائیمقامی سلێمانی  ئاماژەی بەوەشداوەن تائێستا مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەڕەویوەتەوە و هەرێمی كوردستان هێشتا لە بازنەی مەترسی كۆرۆنادایە و پێویست دەكات هاوڵاتیان پابەندی مەرج و رێنماییەكانی خۆپارێزی بن و تەندروستی خۆیان و كەسانی دەورو بەریان بپارێزن.

باسیلەوەشكرد، لە دوای كردنەوەی دووكان و شوێنەكانی پێداویستی هاوڵاتیان لە گەڕەكەكانی سلێمانی، لەسبەینێ وە بەرەچاوگرتنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و كاسبكاران لە كاتژمێر 6 بەیانی بۆ 5 ئێوارە رێگە بە كردنەوەی بەشێكی تر لە دوكان و شوێنەكانی تایبەت بە پێداویستی هاڵاتیان لە نێو بازِی شاری سلێمانی و ناوچەكانی پیشەسازی دەدەن،  بەڵام هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كردنەوەی ئەو شوێنانە مەرجدار دەبێت و لە ژێر چاودێریەكی چڕی تەندروستیدا رێگە بەكاركردنیان دەدەن.

ئەوەشیخستووتەڕوو، لەسەنتەری بازاڕی شاری سلێمانی تەنیا رێگە بە هاتوچۆی پیادە دەدرێت و هاتوچۆی ئوتوبێل بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و رێگریش لە هەموو جۆرە قەرەباڵغی و بەریەك كەوتنێكی هاوڵاتیان دەكرێت،  

ئاوات محەمەد باسیلەوەشكردووە، لەم قۆناغەدا تەنیا رێگە بەو شوێنانە دەدرێت و هەر شوێنێك هۆكار بێت بۆ كۆبوونەوەی و بەریەككەوتنی هاوڵاتیان رێگە بە كردنەوەی نادرێت .
 رونیشیكردەوە، ئەو شوێنانەی كە لەم قۆناغەدا رێگە بەكردنەوەیان دەدرێت پێدەدرێت تەنیا بە شێوازی گەیاندن "دیلڤەری " رێگە بەكاركردنیان دەدرێت .