هێمن هەورامی: بەپێی توانای دارایی حكومەتی هەرێم موچەی فەرمانبەران دابەش دەكات

کوردستان

11/05/2020‌ 1942 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: بەپێی توانای دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی فەرمانبەران دابەش دەكات.

قسەكانی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لەئۆلیڤیێ دیكۆتینێ، كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان بووە، كە بەپێی راگەیەنراوێك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، باسی لە دۆخی سیاسی و دارایی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كردووە، هاوكات ئاماژەی بە دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان كرد، كە بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا وەستابوون و بەردەوامی لیژنەكانی پەرلەمانی لە بەدواداچوون بۆ ڕێكارەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا خستەڕوو، ڕایگەیاند، دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە چوارچێوەی كاری پەرلەمانی و پەیڕەوی ناوخۆ بەردەوام دەبێت.

هەر لە دیدارەكەدا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەختیكردەوە، كاری لە پێشینەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی بۆ ئەم قۆناغە خستەڕوو، كە چاكسازییەكی گشتگیرە لە سەرجەم بوار و سێكتەرەكان و بەرزكردنەوەی داهاتی هەرێم، هەروەها باسی لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم كرد بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە ئێستا دوا كەوتووە بەهۆی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو بڕیارە سیاسییەی حكومەتی عێراق داویەتی لە دژی هەرێمی كوردستان بە ڕاگرتنی بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستە ڕوو هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت، بەپێی ئەو توانا داراییەی كە لەبەردەستیەتی بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئێستا دانوستانەكانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا بەردەوامە و هیوای خواست ئەو بڕیارە سیاسییەی لە دژی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق دراوە لە كابینەی نوێ بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی كۆتاییی پێ بێت و چارەسەری گونجاو و ڕیشەیی بۆ كێشەكان بدۆزرێنەوە.

هـ ـ ح