ژمارەیەك بەرپرسی حكومی لەهەولێر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون‌و ناوەكانیان راناگەیەنرێت

کوردستان

20/06/2020‌ 1431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژمارەیەك بەرپرسی حكومی لە شاری هەولێر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، كە لەناویاندا كەسانی پلە باڵا هەیەو تووشبوونی راناگەیەنرێت.

پێشتر بەفەرمی راگەیەنرا، كە هەریەك لە سەرۆكی شارەوانی ھەولێر، عەبدلواحید ئەحمەد حەمەد و جێگری سەرۆكی شارەوانی ھەولێر، كارزان عەبدولهادی تەها و بەرێوەبەری شارەوانی دوو سەر بەسەۆكایەتی شارەوانی هەولێر، شاكر محەمەد ئەمین و بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لەشارەوانی ھەولێر، فەرمان خەلیل غەفووری تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، جگە لەوانەی ناوەكانیان راگەیەنراوە، چەند بەرپرسێكی تری حكومی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، كە لەناویاندا بەرپرسی باڵای ئیداری هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، تووشبوونی ئەو بەرپرسانە بەڤایرۆسی كۆرۆنا بەنهێنی هێڵراوەتەوەو ناوەكانیان تائێستا رانەگەیەنراوە. 

ئەمە لەكاتێكدایە ئەو بەرپرسانەی شارەوانی هەولێر لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیەكی شاری هەولێر چارەسەری پزیشكی وەردەگرن و دۆخی تەندروستییان جێگیرەو ئەوانەشی ناوەكانیان رانەگەیەنراوە، لەماڵەوە چارەسەر وەردەگرن‌و زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستییان نییە.

بەپێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە ٨٣٤ تووشبوو لەنێویاندا ١٣ نەخۆش گیانیان لەدەستداوە و ٤٥١ نەخۆشیش دوای وەرگرتنی چارەسەریی چاكبوونەتەوە و لە ئێستادا هەزار و ٣٧٠ نەخۆش لە نەخۆشخانەكاندا لەژێر چاودێری پزیشكییدان.

هـ ـ ح