عێراق ناتوانێت رێگە لەھێرشە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم بگرێت

کوردستان

21/06/2020‌ 1690 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكاتێكدا حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و گیروگرفتی جۆراوجۆر بووەتەوە و لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی رێگەچارەیەك بۆ ئەو دۆخە شێواوەی، كە ئێستا وڵات پێیدا گوزەر دەكات بدۆزێتەوە.

بەڵام لەهەمان كاتدا توركیا بە قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە، دەستیكردووە بەئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی سەربازیی لەناو خاكی عێراق و بۆمبابارانكردنی پێگەكانی  پارتی كرێكارانی كوردستان (پ.ك.ك) و بەرۆژی رووناك سنوورەكانی عێڕاق دەبەزێنێت. 

ئەمە لەكاتێكدایە، ئێرانیش بەردەوامە لە تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی نێوان ھەردوو وڵات و بەردەوام سەروەریی خاكی عێڕاق پێشێل دەكات.

بێگومان بەردەوامی ھێرشە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، ئەو راستییە دەردەخات، بەغدا لەتوانایدا نییە، رێگە لە سنووربەزاندنە سەربازییەكانی توركیا بگرێت، بەڵام ھەندێك لە چاودێران لەو بڕوایەدان، كە توركیا ھێرشە سەربازییەكانی بۆ سەر خاكی عێراق لەچوارچێوەی واژووەكردنی رێككەوتننامە دووقۆڵییەكانی ھەردوولا ئەنجام دەدات.

بەمشێوەیە وەزارەتی بەرگری توركیا لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایكرد، كە دەستیان كردووە بە ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنێكی زەمینی بەناوی «چڕنووكی پڵنگ»و رەوانەكردنی سەربازانی توركیا بۆ ناوچەی «حەفتانین» لەباكووری عێراق، بەڵام لە بەرانبەردا، تاكە كاردانەوەی بەغدا لەھەمبەر پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا بریتی بوو لەبانگھێشتكردنی باڵیۆزی ئەو وڵاتە بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەشێوەیەك رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، فالح یڵدزی باڵیۆزی توركیا بۆ دووەمجار لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بانگھێشت كرا و یادداشتنامەیەكی ناڕەزایەتییان لە ھەمبەر پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێڕاق دایە دەستی.

لەلایەكی دیكەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێڕاق لەمیانەی دەركردنی بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی سەركۆنەكردنی ھێرشە سەربازییەكانی توركیادا دووباتیكردەوە، كە ھەنگاوەكانی ئەم دوواییانەی ئەنقەرە دژی ھەموو رێسا و پێودانگە نێودەوڵەتییەكانە و پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێڕاقە، پێویستە توركیا ھەرچی زووە ھێزەكانی خۆی لەناو خاكی عێراق بباتە دەرەوە و ھێرشە سەربازییەكانیشی بۆ سەر خاكی عێڕاق بوەستێنێت. ھەر لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێڕاقدا ھاتووە، كە توركیا رۆڵی لە زیادبوونی بارگرژی و تێكچوونی باردودۆخی ناوچە سنوورییەكانی نێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە و ھۆكاری دزەكردن و گوستنەوەی ژمارەیەكی زۆری كوردەكانی توركیاشە بۆ ناو خاكی عێڕاق بەبێ ھەماھەنگی لەگەڵ بەغدا، ئەمەش لە ئەنجامدا، نائارامیی و ناسەقامگیریی ناوچەكەی رووبەڕووی قەیران و تەنگژەیەكی قووڵ كردووەتەوە.

وەرگێڕان: كارێز قادر