شارپرێس:
پسپۆری سیستمی تەندروستی نێودەوڵەتی داواكارییهك ئاڕاستهی داواكاری گشتی لهههرێمی كوردستان دهكات و دهڵێت "بۆ خاتری پاراستنی بهرژهوهندی گشتی ڕێگری بكهن لهههندێك دهرمان كه دهدرێته توشبووانی كۆرۆنا".
د.گۆران عهبدوڵا، پزیشكی پسپۆری هەناو و پسپۆری سیستمی تەندروستی نێودەوڵەتی داواكارییهكی ئاڕاستهی سهرۆكایهتی داواكاری گشتی له ههرێمی كوردستان كردووه، كه پهیوهسته بهو دهرمانانهی بهناوی پرۆتۆكۆڵی چارهسهریی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا ههرێمی كوردستان بهكاردههێندرێت و د. گۆران عهبدوڵا دهڵێت "ماوەیەکە بەناوی چارەسەری کۆرۆناوە ژمارەیەک دەرمان و کەرەستەی پزیشکی لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم ساغدەکرێتەوە کە هیچ بنەمایەکی زانستیان نیە".
دهشڵێت "بەشێک لەم دەرمانانە (وەکو دەرمانی مەلاریا-هایدرۆکسیکلۆرۆکوین) لەڕێی توێژینەوەوە دەرکەوتوە کە هیچ سودێکی بۆ کۆرۆنا نیە و زەرەرەکانی لە قازانجەکانی زیاترە، یەکێکی تر لەو دەرمانانەی لە کوردستان زۆر بەکاردێ پێی دەوترێ (ئەزیترۆمایسین). ئەم دەرمانە دژە بەکتیریایە و هیچ سودێکی نیە بۆ نەخۆشی ڤایرۆسیی. بەڵام بەداخەوە لە کوردستاندا یەکێک تۆزێک کۆکەی هەبێ ئیتر ئەم دەرمانە گرانبەهایەی بۆ دەنوسرێ".
دهقی نوسینهكهی د. گۆران عهبدوڵا:
بۆ بەڕێز سەرۆکایەتی داواکاری گشتی
بابەت: ڕونکردنەوە و ناڕەزایی
سەرەنجی بەڕێزتان بۆ بابەتێکی زۆر هەستیار و مەترسیدار ڕادەکێشم کە بەناوی چارەسەری کۆرۆناوە لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێ.
ماوەیەکە بەناوی چارەسەری کۆرۆناوە ژمارەیەک دەرمان و کەرەستەی پزیشکی لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم ساغدەکرێتەوە کە هیچ بنەمایەکی زانستیان نیە.
بەداخەوە هەر هاوڵاتیەک کە تۆزێک نیشانەی هەبێ ئیتر بڕێک زۆر دەرمانی گرانبەهای پێدەدرێ.
بەشێک لەم دەرمانانە (وەکو دەرمانی مەلاریا-هایدرۆکسیکلۆرۆکوین) لەڕێی توێژینەوەوە دەرکەوتوە کە هیچ سودێکی بۆ کۆرۆنا نیە و زەرەرەکانی لە قازانجەکانی زیاترە.
یەکێکی تر لەو دەرمانانەی لە کوردستان زۆر بەکاردێ پێی دەوترێ (ئەزیترۆمایسین). ئەم دەرمانە دژە بەکتیریایە و هیچ سودێکی نیە بۆ نەخۆشی ڤایرۆسیی. بەڵام بەداخەوە لە کوردستاندا یەکێک تۆزێک کۆکەی هەبێ ئیتر ئەم دەرمانە گرانبەهایەی بۆ دەنوسرێ.
یەکێکی تر لەو کەرەستانەی بەکاردەهێنرێ دەرمانی شلکردنەوەی و ڕێگەگرتنە لە مەینی خوێنە بە ناوی (کلیکسەین). ئەم دەرمانە زۆر مەترسیدارە و بۆی هەیە ببێتە هۆی بەربونی خوێن. بەڵام بەداخەوە لە کوردستاندا یەکێک کەمترین کۆکەی هەبێ ئیتر بەناوی چارەسەری کۆرۆناوە ئەم جۆرە دەرزییەی بۆ دەنوسرێ. وەکو دەرمانەکانی سەرەوە هیچ بەڵگەیەکی زانستی نیە بۆ بەکارهێنانی ئەم دەرمانە لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان بۆ نەخۆشی کۆرۆنا.
هەروەها لە کوردستاندا بە فراوانی پلازمای خوێن بەکاردەهێنرێ بۆ چارەسەری کۆرۆنا لە کاتێکا ئەم چارەسەرەش هێشتا لەژێر توێژینەوەیە و کاریگەریەکانی بە تەواوەتی دەرنکەوتوە. لە پاڵ ئەوەی کە نازانرێ باشە یا نا، زانیاری هەیە کە پلازمای خوێن بازرگانی پێوە دەکرێ و بە نرخێکی زۆر دەفرۆشرێ.
لە لایەکی ترەوە بڕێکی زۆر ڤیتامینات و زینک دەفرۆشرێتە هاوڵاتیان کە دیسان لەڕوی زانستیەوە کاریگەریەکانی ئەم کەرەستانە دەرنەکەوتوە.
هاوکات بۆ دەستنیشانکردنی کۆرۆنا نەخۆشخانە تایبەتەکان بە رێژەیەکی ترسناک سی تیسکان بەکاردەهێنن. بەداخەوە جگە لە زەرەرە تەندروستیەکان تیشکی ئەم پشکنینە پارەیەکی زۆریش لە هاوڵاتیان دەسەنرێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ بەڵگەیەکی زانستی نیە کە بەکارهێنانی سی تی سکان پشتڕاستبکاتەوە بۆ دەستنیشانکردنی کۆرۆنا لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان.
بەداخەوە بەشێکی زۆر لەم دەرمان و کەرەستانەی بە فراوانی لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان بۆ کۆرۆنا بەکاردەهێنرێ هیچ بنەمایەکی زانستیان نیە. هاوکات ئێمە مەترسیمان هەیە کە زەرەرەکانی بەکارهێنانێکی نازانستی کە لە ژێر چاودێری پزیشکدا نەبێ زۆر لە قازانجەکانی ئەم دەرمان و کەرەستانە زیاتر بێ.
هاوپێچ لەگەڵ ئەم نامەیە پرۆتۆکۆلی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هاوپێچ دەکەم کە بە ڕونی ئەو قسانەی سەرەوە ئەسەڵمێنێ.
هیوادارم بۆ خاتری پاراستنی بەرژەوەندی گشتی ڕۆڵی خۆتان ببینن و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان ڕێگری لەم دیاردەیە بکەن.
لەگەڵ ڕێزدا
هاوڵاتی گۆران عبداللە
پزیشكی پسپۆری هەناو
پسپۆری سیستمی تەندروستی نێودەوڵەتی
پرۆتۆکۆلی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی