فەرماندەی سوپای عێراق لەنەینەوا هێزەكانی پاراستنی شنگال YBŞ بەهێزی فەرمی دەناسێنێت

کوردستان

30/06/2020‌ 2175 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:  
جەبار نەعیمە فەرماندەی سوپای عێراق لەرۆژئاوای نەینەوا دوای چاوپێكەوتنی بەفەرماندەكانی هێزەكانی پاراستنی شەنگال YBŞ و ئیدارەی قەزای شنگال بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هەموو ئەو هێزانەی لەشنگال جێگیرن هێزی فەرمین.

بەپێی بەیاننامەكە نەعیمە هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردووەتەوە، كە باسیان لە نایاسایی بوون و نافەرمیبوونی ئەو هێزانە كردووە، ئەویش وەك ئاماژەیەكی روون بۆ رەتكردنەوەی قسەی بەرپرسانی توركیا، كە هێزەكانی پاراستنی سنگال بە بەشێك لەپارتی كرێكارانی كوردستان هەژمار دەكەن و داوای دەركردنیان دەكەن .

فەرماندەی سوپای عێراق لەرۆژئاوای نەینەوا رایگەیاندووە، دۆخی شنگال ئارامە و سوپای عێراق بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی پاراستنی شنگال YBŞ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دەپارێزن.

دوای هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر شنگال و ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان، ئەوە یەكەمجارە سادنێكی باڵای سوپای عێراق سەردانی ناوچەكە دەكات.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی