وەزارەتی داد بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان رەتدەكاتەوە

کوردستان

30/06/2020‌ 1785 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی ھەرێمی كوردستان وەڵامی نووسراوێكی رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی داوەتەوەو داواكەی رەتكردووەتەوە، كە تایبەت بووە بە هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر.

وەزیری داد، بەنووسراوێك وەڵامی نووسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی داوەتەوەو  تێدا هاتووە، بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان ژمارە 37 كە لە 14-06-2020 ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە و وێنەیەكی دراوەتە وەزارەتی داد بۆ بڵاوكردنەوەی لەرۆژنامەی فەرمی (وەقائیعی كوردستان)، بەداخەوە كە بە بەڕێزتانی رادەگەیەنین، كە داوای لێبووردن دەكەین و ناتوانین بڕیارەكە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوبكەینەوە.

هەر لەنووسراوەكە، ئەو بڕیارەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان "پێچەوانەی رێسای گشتی پلەبەندی یاسایی (سلم التدرج القانونی) دەرچووە، رای جەنابتان نەبوونی سەرچاوەی تانەلێدان لە یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی یان سەرۆكی پەرلەمان ناكاتە جێگرەوەی و دەسەڵات و تایبەتمەندی چاودێری لەسەر یاسا دەرچوو لە پەرلەمانی پێنادات، بێ لەبەرچاوگرتنی چۆنێتی و شێوازی تەشریعكردنی هەر یاسایەك یان بڕیارێك.

لە بەشێكی دیكەی نووسراوەكەی وەزیری داد هاتووە، لەبەر ئەو هۆیانەی سەرەوە ئەو بڕیارەی داوای بڵاوكردنەوەی كراوە بەپێ یاسا بە بڕیارێكی نەبوو دادەنرێت و بەپێی یاسای بڵاوكردنەوەی رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بۆ بڵاوكردنەوە ناشێت و بڵاوكردنەوەی بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی باسكران دەبێتە مایەی رەخنە و پێشینەیەكی ترسناك لەسەر پەرلەمان و سەرۆكایەتی و سیستەمی سیاسی هەرێم، هەروەها لەسەر وەزارەتی داد بەسەرپێچی لە رێسای گشتی و حكومەكانی یاسا تۆماردەكرێت.

لە 7ـی مانگی ئایار بە دەنگی 57 پەرلەمانتار پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر لەفراكسیۆنی كۆمەڵ هەڵگیراو لە رۆژی 15-6-2020 سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە.

پێشتریش نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردبووەو رایگەیاند، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەخت لەسەر هەڵوێستی پێشووی دەكاتەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (4) ی ساڵی 2020 ، كە بڕیارمان بە نووسراوی ژمارە (37 لە 14/6/2020) واژووەكراوە، بۆ ئەم مەبەستەش بە نووسراوی ژمارە (4/3/1001 لە 25/6/2020) ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی كوردستان، بۆ ئەوەی سیفەتی ئیلزامی وەربگرێت بۆ جێبەجێكردن.
 
هـ ـ ح