یەکێتى و گۆڕان لەسەر ئاڵوگۆڕکردنى پۆستە ئیدارییەکان لیژنەیەک پێکدەهێنن

کوردستان

01/07/2020‌ 1018 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر رێککەوتنەکانى نێوانیان کۆدەبنەوەو پۆستە ئیدارییەکانیش تەوەرى کۆبوونەوەکانیان دەبێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەى دەست شارپرێس کەوتووە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى یەکێتى و گۆڕان یەکێک لەو پرسانەى لەنێوانیان تاوتوێکراوە پرسى پۆستە ئیدارییەکانى سنورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە بووە.

سەرچاوەیەکى کۆبوونەوەکە بۆ شارپرێس پشتڕاستى کردەوە کە لەو کۆبوونەوەیە هەردوولا بڕیاریانداوە لەداهاتوودا کۆبوونەوەکانیان دەست پێ بکەنەوەو قسە لەسەر ئاڵوگۆڕکردنى پۆستە ئیدارییەکان بکەن.

هەروەها لەو کۆبوونەوەیە لیژنەیەک لە هەردوولا پێکهێنراوە کە لەلایەنى یەکێتى شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەرۆکایەتى دەکات و لەلایەنى گۆڕانیش شەماڵ عەبدولوەفا.

بریارە لە رۆژانى داهاتوودا ئەو گفتوگۆیانە دەست پێ بکەن و ئەو پۆستە ئیداریانەى لەچەند ساڵى رابردوو بەپێی رێککەوتنەکەى نێوانیان دابەشیان کردوە تاوتوێی بکەن.

هەروەها تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەى گۆڕان و یەکێتى قسە کردن بووە لەسەر رێککەوتنى دەباشان و هەردوولا رایانگەیاندوە، ئەگەر پرسى ئاڵوگۆڕکردنى پۆستەکان بەباشى چووە پێشەوە ئەوا دەتوانن لەسەر رێککەوتنى دەباشانیش گفتوگۆى جدیى بکەن و گۆڕانکاریشى تێدا بکەن.

رێککەوتنى گۆڕان و یەکێتى لە ساڵى ٢٠١٤ کراوەو تیایدا پۆستە ئیدارییەکانى سنورى پارێزگاى سلێمانى لەنێوان خۆیان دابەشکرد، کە پۆستى پارێزگارى سلێمانى و هەڵەبجە گرنگترینیان بوو.
س.هـ