دوو ساڵه‌ راسپاردەکان سەبارەت بە کێشەی زەوییە کستوکاڵییەکانی كه‌ركوك جێبه‌جێ نه‌كراوه‌

عیراق

03/01/2021‌ 1743 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند پاش پێکھێنانی لیژنەیه‌ك و نووسینەوە و داڕشتنەوەی راسپاردەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک به‌ڵام تا ئێستا ئەو راسپاردە و بڕیارانە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

مانگی سێی ساڵی 2019 و لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، عێراق عادل عەبدولمەھدی و لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان کەرکووک پێکھێنرا کە لیژنەکەیش لە نوێنەرانی ھەرسێ پێکھاتەی کورد و عەرەب و تورکمان لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەگەڵ جێگری پارێزگاری کەرکووک ونوێنەری وەزارەتی داد و وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و نوێنەرایەتی سەرکۆمار و نوێنەری سەرۆکوەزیران پێکھاتبوو.

لەسەر کارەکانی لیژنەکەیش ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەمال شکور لە لێدوانێکی به‌ ئاژانسی ئەنادۆڵوی راگه‌یاند: "پاش پێکھێنانی لیژنەکەمان و نووسینەوە و داڕشتنەوەی راسپاردەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کرد، بەڵام تا ئێستا ئەو راسپاردە و بڕیارانە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و حکوومەت کاری پێ نەکردوە".

جەمال شکور باسی لەوەیشکرد: گرنگی لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەی زەویە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک لەوەدابوو، نوێنەری سەرجەم پێکھاتەکانی تیایدابوو و ھەمووان کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە ئەو راسپاردەیە بدرێت بە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی کێشەی زەوی کشتوکاڵی سنووری پارێزگای کەرکووک چارەسەر بکرێت.

وتیشی: "دوای چەند جارێک تاکیدکردنەوەمان لەحکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی و دواتر سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، مستەفا کازمی، بەڵام تا ئێستا ھیچ نیەتێک بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانیان نییە و دەبوو حکوومەت لیژنەیەکی لە وەزارەتی داد و کشتوکاڵ و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دروستبکردایە بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانیان".