گومانده‌كرێت حاڵه‌تێكى كۆرۆناى گۆڕاو له‌دهۆك تۆماركرابێت

کوردستان

13/01/2021‌ 2409 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ته‌ندروستى دهۆك ئاشكرایده‌كات، توشبویەکیان هەیە کە گومانی جۆری نوێی کۆرۆنای لێدەکرێت کە هاونیشتمانییەکی پارێزگای دهۆکەو لەبەریتانیا گەڕاوەتەوە.

د.ئەفراسیاب موسا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک بۆ میدیاى پارتى ئاشكرایكردوه‌، کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان‌و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەمساڵدا کارێکی ئەستەمە، بەتایبەت دوای بڵاوبونەوەی کۆرۆنای نوێ لەوڵاتانی دەوروبەرى هه‌رێم، ده‌شڵێت:"دورنییە ئەو ڤایرۆسە لای ئێمەش بڵاوببێتەوە، نازانین کەی بڵاودەبێتەوە، بەڵام هەر بڵاودەبێتەوە چونکە سروشتی ڤایرۆس وایە".

ئه‌وه‌شى وتوه‌:"بەباشی نازانین دەرگای قوتابخانەکان بەتەواوەتی بکرێنەوە، ناشتوانین بڵێین لەقۆناغێکی سەلامەتداین تاوەکو ڤاکسین نەگات".

سه‌باره‌ت به‌جۆری نوێی کۆرۆنا باسى له‌وه‌شكردوه‌، "تائێستا هیچ توشبویەکی جۆری نوێی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە، تەنها گومانمان لەسەر یەک توشبوو هەبوە، بەڵام تائێستا ئەنجامی پشکنینەکەی بەدروستی دەرنەچوە، ئەویش هاوڵاتییەکی دهۆکه‌و لەبەریتانیا گەڕاوه‌ته‌وه‌، ئەو ئێستا کەرەنتین کراوە، هەموو ئەوانەشی بەرکەوتنیان لەگەڵی هەبوە پشکنینیان بۆ کراوە".