حکومەتى هەرێم بودجەیەکى تایبەت بۆ کڕینى ڤاکسینى کۆرۆنا تەرخان دەکات

کوردستان

21/01/2021‌ 258 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیرى تەندروستى هەرێم رایگەیاند،وەک حکومەتى هەرێم لە کاتى گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کڕینى ڤاکسینى کۆرۆنا بودجەى پێویستى بۆ دابینبکات.
سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێم لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنى ڤاکسینى کۆرۆنا بۆ بەغدا پشکى هەرێمى کوردستان دیاریکراوە و دەگاتە دەستیان و لەلایەن لیژنەیەکى پسپۆڕیشەوە پلەبەندى بۆ ئەو کەسانە کراوە، کە ڤاکسینەکەیان پێدەدرێت.

ئاماژەى بەوەشکردوە، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکى بەرهەمهێنەرى ڤاکسین لە گفتوگۆدان بۆ کڕینى راستەوخۆى ڤاکسینەکە، بەڵام ئاسان نییە چونکە بەرهەمهێنانی ڤاکسین زۆر سنووردارە و تەنیا چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.

هەروەها وەزیرى تەندروستى هەرێم روونیشیکردەوە، بڕیارە کۆتایی مانگى دوو بەشى یەکەمى ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بگاتە عێراق، بەڵام تا ئێستا روون نییە ئەو کاتە دەگات یاخود نا.

س.هـ