حكومه‌تى هه‌رێم واده‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى ڕاگه‌یاند

کوردستان

10/03/2021‌ 3950 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم واده‌ى دابه‌شكردنى موچه‌و ئاراسته‌ى گفتوگۆكانى له‌گه‌ڵ به‌غداو ئاماده‌كاریه‌كانى حكومه‌تى بۆ پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى هه‌رێم ڕاگه‌یاند.


د.جوتیار عادل وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم ڕایگه‌یاند، حكومه‌ت وه‌ك بڕیاریداوه‌ له‌ رۆژى 25 مانگ ده‌ست به‌دابه‌شكردنى مووچه‌ ده‌كات و رێژه‌ى ته‌مویل وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى پێشتر بڕیارى له‌باره‌وه‌ ده‌دات.

وتیشى، تا ئێستا حكومه‌تى عێراق ده‌قێكى به‌دیلى سه‌باره‌ت به‌ پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى عێراق پێشكه‌ش به‌هه‌رێم نه‌كردوه‌و گفتوگۆكانیان به‌رده‌وامن و ئاماده‌ى گفتوگۆن له‌سه‌ر هه‌ر پرۆژه‌و پێشنیارێك له‌باره‌ى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم له‌ پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى عێراق.

وته‌بێژى حكومه‌ت ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئاماده‌كاریه‌كانى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2021ى هه‌رێم ته‌واو بوه‌و پرۆژه‌كه‌ به‌ دوو ئه‌گه‌ر ئاماده‌كراوه‌ ئه‌وانیش ئه‌گه‌ر به‌غدا بوجه‌ى په‌سه‌ندكردوو بریاردرا به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم بنێرێت ئه‌گه‌رى دوه‌م ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم پشت به‌ داهاته‌كانى خۆى ببه‌ستێت.

ماوه‌ى دوو مانگه‌ حكومه‌تى هه‌رێم له‌ 25 مانگ مووچه‌ دابه‌ش ده‌كات و وته‌بێژى حكومه‌ت ره‌تى كرده‌وه‌ مووچه‌ى ئه‌م مانگه‌ به‌هۆى نه‌ورۆزه‌وه‌ پێش بخرێت.
ئ.ق