بارزانی هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی عێراق ده‌ربڕی

کوردستان

01/04/2021‌ 2101 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌ی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراق په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، "پەسەندبوونی بودجەی عێراق هەنگاوێكی ئیجابی و بە ئاراستەی دروستە".

بارزانی له‌په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت "بەبۆنەی پەسەندكردنی بودجە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەستخۆشی لە گشت لایەنە سیاسییە كوردستانی و عێراقییەكان دەكەم".

ده‌شڵێت ''هەروەها سوپاسی شاندی حكوومەتی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراكسیۆنەكانی تری ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەم كە بە ماندووبوون و هیمەت و پێداگرییانەوە توانیان لەگەڵ یەكتر بگەنە ئەنجام و بەشی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی عێراقدا جێگیر بكەن".

مه‌سعود بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: ''پەسەندبوونی بودجەی عێراق هەنگاوێكی ئیجابی و بە ئاراستەی دروستە و هیوای ئەوە دەخوازین كە دەستپێكێك بێت بۆ بەهێزكردنی بنەماكانی دیالۆگ و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و هەروەها گەڕاندنەوەی بنەماكانی شەراكەتی نێوان پێكهاتەكانی عێراق''.