شارپرێس:
سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2021 ده‌بێت له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه جێبه‌جێبكرێت"، ده‌شڵێت:"چاوه‌ڕوانین به‌غدا بودجه‌ى ئه‌و سێ مانگه‌ى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ بۆ هه‌رێمى كوردستان ڕه‌وانه بكات"، ڕاشیگه‌یاند، "ڕێكه‌وتن به‌گوێره‌ى یاساى بودجه‌ى عێراق بارگرانى زۆر بۆ هه‌رێمى كوردستان دروستده‌كات"، له‌باره‌ى لێبڕینى موچه‌ش زانیارى ئاشكراده‌كات.
دواى كۆتاییهاتنى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى ئه‌نجامداو باسى پرسى ڕێكه‌وتنى نێوان هه‌ولێرو به‌غداو كۆڕه‌وى ملیۆنى‌و ڕۆژى جیهانى ته‌ندروستى كرد.
مه‌سرور بارزانى ئه‌وه‌ى ڕونكرده‌وه، تێپه‌ڕاندنى بودجه ده‌ستكه‌وتێكه بۆ عێراقیه‌كان‌و هه‌رێمى كوردستان، به‌داخه‌وه نه‌ده‌بوو وه‌كو ده‌ستكه‌وت سه‌یرى تێپه‌ڕاندنى بودجه بكرایه، به‌ڵام به‌سیاسى كرا".
ئه‌وه‌شى وت:"پێمانوایه یاسایه‌كى هاوسه‌نگه‌و هه‌موان تێیدا براوه‌ن، شاندى هه‌رێمى كوردستانیش زۆر به‌جوانى بڕیاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی هه‌رێمیان به‌جێگه‌یاند، حیكمه‌ت له‌سه‌ر چۆنێتى جێبه‌جێكردنى یاساكه‌دا دواى تێپه‌ڕاندنى له‌په‌رله‌مان".
داواشیكرد، "هه‌روه‌ك ده‌زانن بودجه ده‌بێت له‌مانگى 1ى 1ى 2021وه جێبه‌جێبكرێت، بۆیه داوا له‌حكومه‌تى عێراق ده‌كه‌ن ئه‌و سێ مانگه‌ى سه‌ره‌تا ئه‌مساڵ بۆ هه‌رێمى كوردستان ڕه‌وانه بكات‌و ئه‌وه‌ى ده‌كه‌وێته سه‌رشانى جێبه‌جێى بكات، چونكه هیچ بڕه پاره‌و بودجه‌یه‌كى بۆ هه‌رێم ڕه‌وانه نه‌كردوه".
مه‌سرور بارزانى جه‌ختیكرده‌وه، "حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌یه هه‌موو ئه‌ركه‌كانى سه‌رشانى خۆى جێبه‌جێبكات‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا چاوه‌ڕوانى جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌كانى سه‌رشانى حكومه‌تى عێراق ده‌كه‌ین".
باسى له‌وه‌شكرد، "شاندى ئێمه ئاماده‌ن سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن بۆ هه‌ر پێویستیه‌ك‌و داواش له‌به‌غدا ده‌كه‌ین هه‌ركات پێویستبوو ئه‌وانیش سه‌ردانى ئێمه بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه چاره‌سه‌رێكى ڕیشه‌یی‌و گونجاو".
ته‌ئكیدیكرده‌وه، "ئه‌و ئیلتیزاماته‌ى كه‌وتۆته سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم كه‌م نین‌و بارگرانیه‌كى زۆریش له‌سه‌ر داهاته‌كانى هه‌رێم دروستده‌كات، به‌ڵام جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه پێش هه‌موو شتێك هه‌وڵى دابینكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌ده‌ین".
سه‌باره‌ت به‌به‌رده‌وامى لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش مه‌سرور بارزانى ئاشكرایكرد، "زیاتر له‌و خوشك‌و برا په‌رله‌مانتارانه په‌رۆشین كه به‌رده‌وام باسى لێبڕین له‌موچه ده‌كه‌ن، ده‌بێت ئه‌وه بزانن ئێمه په‌رۆشترین كه موچه به‌بێ لێبڕین بدرێت، به‌ڵام ئێستا به‌گوێره‌ى داهات مامه‌ڵه ده‌كه‌ین".
ئه‌وه‌شى وت:"ده‌بێت هه‌موو فه‌رمانبه‌ران‌و خه‌ڵكى كوردستان بزانن، له‌و داهاتى 250 هه‌زار به‌رمیله‌ى ده‌بێت بدرێت به‌به‌غدا، ده‌بێت نیوه‌ى داهاتى نا نه‌وتیش بخرێته سه‌ر ئه‌و داهاته‌و بدرێته‌وه به‌به‌غدا، ئه‌مه‌ش بارگرانیه بۆسه‌ر داهاتى هه‌رێم".
سه‌باره‌ت به‌قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆش بارزانى وتى:"بۆچونه‌كان ئه‌وه‌یه شوێنه گشتیه‌كان به‌داخراوى بمێننه‌وه، هاوكات ئه‌وه‌ش ڕونده‌كه‌ینه‌وه حكومه‌ت هه‌ر به‌شێكى پێده‌كرێت، به‌شه‌كه‌ى تر‌ى په‌یوه‌سته به‌هاوڵاتیان خۆیانه‌وه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك خۆى بپارێزێت ئه‌وا حكومه‌ت پێویستى به‌وه نییه شوێنه‌كان دابخات".
ش.هـ