تاڵیبان ڕووخا- تاڵیبان دەسەڵاتدارە

مەلەفی تایبەت

18/08/2021‌ 811 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سامان کەریم 
باسی ئەفغانستان باسی سیستمی سیاسی و ئەفکار و نەریت و بەڕێوەبردن و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و بەهاکانی بورجوازی جیهانیە. بەکورتی باسی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ناتۆ و "سیستمی نوێیی جیهانیانە", باسی هێرش و لەشکرێشی و کۆمەڵکۆژی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و ناوچەییەکانیەتی. باسی حەقارەتی داڕووخانی هەموو بەهاکانی بورجوازییە، دیموکراسی، مافی مرۆڤ  و هەڵبژاردن... سێ کوچکەی پووچ و بێ ناوەرۆکی ٢٠ ساڵی ڕابووردوو لە ئەفغانستان  و عیراق و ١٠ ساڵ زیاترە لە میسر و لیبیا و سوریا و تونس.. بەڵام ئەوانە دەمێکە لە ناو ئەوروپاشدا بەرەو داڕووخان و پووچی ملیان ناوە. گرتنەوەی کابول لە ئەمرۆدا، یارییەکی خوێڕیانەی سیستم و بورجوازی ئەمریکایە. یارییەک  کە کرمەڕێزبن باشترە. 

باسی ئەمرۆی ئەفغانستان باسی ئیسلامی تاڵیبانی و ئەوانی دیکەش نیە، باسی ئەمریکایە و بەس. تاڵیبانیان ڕووخاند بۆ ئەوەی هێزی ئیسلامی جیاواز و فرە ئاڕاستە پێک بهێنن و بڵاوەی پێبکەن، ڕووخاندیان بۆئەوەی ئاشوبێکی گەورە لە کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  دروست بکەن، وە کردیان بە دوایدا عێراقیان کاولکرد، دوای ئەوەش شۆڕشی کۆنترا ئیسلامیەکانیان لە لیبیا و سوریادا ئەنجامدا، هەوڵیاندا لە ژێر ناوی شۆرشدا لە میسر و تونس بیانکەنە دەسەڵاتدار. لە ساتە وەختی داگیرکاری و پەلاماری ئەفغانستاندا لە ڕوانگەی خۆیانەوە، جێبەجێکردنی لیبڕالیزم  بە شێوەیەکی دەستوبرد و هەروەها ڕێگەگرتن لە ڕکابەرێک کە لەوانەیە دەرکەوێ، ئەوکات تەنها وڵاتی چین کەمێک بۆنی لێدەهات، پێویستی بە هەڵمەتێکی ئاوەها بوو، ١١ی سیبتمبەر دیارییەکی گونجاو بوو بۆ جێبەجێکردنی سیستمی نوێی ئەمریکا، کە دەمێکە فەشەلی هێناوە. تاڵیبان هیچی کەمتر نیە لە هێزە بورجوازییەکانی دیکە، هیچی کەمتر نیە لە ئیسلامی ئێرانی و پاکستانی و سعودی و قەتەری و تورکی،  وە لە ناوەرۆکدا هیچی کەمتر نیە لە حزبی دیموکرات و کۆماری ئەمریکا، ئەوانیش دەیانەوێت دەسەڵاتی بورجوازییانەی خۆیان بسەپێننەوە، وە ئەمرۆ بە گرتنەوەی کابول ئەو کارە دەستپێدەکاتەوە.

  بەڵام تاڵیبانی ئەوکات و تالێبانی ئێستا دوو تاڵیبانی جیاوازن. لە ڕوانگەی بورجوازییەوە لە ئاستی جیهانیدا، دونیای ئەمڕۆ دونیایەکی هێجگار جیاوازە لە دونیای سەردەمی ١١ی سێپتمبەر. ئەمڕۆ چین لە زۆربەی زۆری بوارەکانی پیشەسازی و تەکنۆلۆژیای زیرەک و ژمارەی داهێنان و  قەبارەی بازرگانی هاوردە و نێردرا و چەندین بواری دیکەدا زۆر لە پێش ئەمریکاوەیە. ڕوسیا لە چەندین بواری پیشەسازی تەکنۆلۆژیای چەکی زیرەکدا دیسان لەپێش ئەمریکاوەیە و لەوەش زیاتر تەنانەت وڵاتی چین ئاستی قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئەوروپاشدا لە سەروو ئەمریکاوەیە، بەجیا لەوەی دەوڵەتی ئەمریکا گەورەترین قەرزی جیهانی لەسەرە، کە ڕۆژانە لە باری بابەتیەوە دەبێتە هۆی داخورانی دراوەکەی و دەرگیری کردوە لەگەڵ هەڵئاوسانێکی بێ وێنەدا. جگە لەوەی لە ئەوروپادا بەدەست ئەڵمانیاوە گیری خواردووە.

 ئەمرۆ دوو گەورە بورجوازی جیهانی ململانێیانە، ئەمەریکا و چین، هەروەک لە بەڵگە نامەی "سیماو ئاڕاستەکانی سەرمایە و پێگەی پڕۆلیتاریا" ی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخدا ئاماژەی پێدراوە. وە  پێشتر لە پەرتووکی "کۆمۆنیزمی هاوچەرخ و سەردەمی ڕێنیسانس" دا ئاماژەم بە سیاسەتی ئەمریکا کردوە کە چۆن دەیەوێت، ئاسیای ناوەڕاست بکاتە ناوچەیەکی نائارام و پڕ ئاژاوە و بۆ ئەمکارەش ئیسلامیەکانی ئەو ناوچەیە و ئیگۆرییە ئیسلامیەکانی چینی بەدەستەوەیە. نائارامی و ئاژاوە و ئاگرخۆشکردنی بەردەوام لەو ناوچەیەدا سیاسەتی ستراتیژی ئەمریکایە بەرانبەر چین و دوای ئەویش ڕوسیا. ئەم سیاسەتە، ڕێگەگرتنە لە هێلی بازرگانی حەریر و توانایی گەشەکردنی وڵاتی چین، واتە پێشگرتنی کرداری بەم پرۆژە گەورەیەی چین، لایەنی کەم دەبێتە هۆی وەستانی پڕۆژەکە بە شێوەیەکی کاتیش بێت و بەم پێیە کاریگەری گەورەش دەکاتە سەر وڵاتانی ئاسیان و لاوازکردنی پێگەی چین لە نێویاندا. لە هەمانکاتدا، مانای پەڕوباڵکردنی ڕوسیایە لە چواردەوری سنووری نزیکیدا، بەجۆرێک وای لێبکات کە سەری نەپەرژێتە ناوچە دوور دەستەکان.  ئەمریکا ناتوانێت ڕابەری جیهانی سەرمایەداری بکات، ئەوە تەواو بووە، بەڵام دەتوانێت ڕێگری بۆ ئەوانی دیکە پێکبهێنێت. لە هەموو بارێکدا ئەمریکا تاسەر ناتوانێت پێش بە ئاوابوونی خۆی بگرێت وەک هێزی یەکەمی دونیای سەرمایەداری.

هاتنەوەی تاڵیبان لەسایەی ڕادەستکردنی شارەکانی ئەفغانستان و دواجار کابولی پایتەختدا، تۆڵەی تاڵێبانە لە ئەمریکا لە داگیرکاری و ‌هێرشی دڕاندنە و ڕووخاندنی دەسەڵاتە ئیسلامیەکەی. ئەمڕۆ ئەمریکا بە دەنگی بەرز مل شکاندنی خۆی و تەواوی ئەو بەهایانەی – گوایە سیستمی بورجوازی بەهای هەیە- ڕادەگەیەنێت، بورجوازی ئیسلامیش سەرکەوتنێک تۆمار دەکات. سەرکەوتنی تاڵیبان، بەهەمان شێوەی سەرەتای هاتنە سەرکاری بوو لە  ساڵی ١٩٩٥دا، وەک بەور هێزە نەیارەکانی ڕادەماڵی بەیارمەتی ئەمەریکا و پاکستان و پترۆ دۆلاری کەنداو، یان وەک هاتنی داعش و گرتنی موسڵ وابوو لەباری تیژڕەویی کرداری جەنگیەوە.  بەڵام سەرکەوتنی ئەمجارە مەرج نیە بە قازانج و لە بەرژەوەندی ئەمریکا خۆی بێت، وە سیاسەتەکانی بۆ ئاژاوە نانەوە ئەگەر لە کورتماوەدا سەرکەوتوو بێت ئەوا دواجار دیسان مل دەشکێنیت. ئەمرۆ ئەمریکا بە زۆر و بەشەڕ و جەنگی چەند ساڵە کراوەتە دەرەوە، ڕیسواییەکی گەورەی تۆمار کرد بۆ هەموو ئەوانەی بە بالۆری دیموکراسی و مافی مرۆڤ و هەڵبژاردن و "دژی تیرۆریزم" سەرچۆپی دەگرن. ئەو پاش سەرفکردنی پارەو پولێکی زۆر وە پاش کوشتنی زیاتر لە ٣٠٠٠ سەرباز بە قەولی خۆیان،  پاش ٢٠ ساڵ جەنگی بەردەوام سیاسەتەکەیان فەشەلی هێنا: تاڵیبان ڕووخا- تاڵیبان دەسەڵاتدارە. هەڵقەیەک تەنها و تەنها ئەوانەی بەرژوەندیان هەیە دەتوانن ڕازی بن پێی و لەدەوری ئەمریکا زوڕناژەنبن یان پێش لەشکری بۆ بکەن لە عێراق  و سوریا.  

تاڵیبانی ئێستا، جیاوازی زۆرە لە گەڵ تالێبانی ٢٠٠١دا. تاڵیبانی دروستکراوی دەستی ئەمریکا، بۆتە تاڵیبانێکی جیاواز و پێکهاتە و ئاڕاستەی سیاسی جیاواز. ئاڕاستەیەکیان پێم وایە بەهێزترینە یان لە کورت ماوەدا دەبێتە بەهێزترین ئاڕاستە، ئاڕاستەی دژی ئەمریکا خۆیەتی. ئاڕاستەیەک کە لەبەرانبەر ئەمریکادا بەرگری پەیداکردووە و لێی توڕەیە، بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاڕاستەیەکی حزب الله ی سەرهەڵئەدا تیایدا، ئاڕاستەیەک کە هەم بەرژەوەندی ئابوری ئەفغانستان وا دەخوازێت، هەم جوگرافیایی سیاسی دەوروبەری لە چینەوە بگرە تا پاکستان و ئێران و ڕوسیا و وڵاتانی قەوقاز بە شێوەیەکی گشتی پێویستیان بەوە هەیە. هەروەها لە لایەکی دیکەشەوە ئەمڕۆ تاڵیبان زۆر ئاسان لەگەڵ چین و ڕوسیادا کۆدەبێتەوە و پەیوەندی دەبەستێت. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە تاڵیبان بێ پاکستان ناتوانێت هەنگاو بنێت، ئەمڕۆ پاکستان زیاتر وە زۆر زیاتر بەرژەوەندی ئابوری و سیاسیەکانی بە وڵاتی چینەوە گرێی خواردووە. کەواتە لەبەر ژمارەیەکی زۆر هۆکاری ئابوری و جوگرافیایی سیاسی، ستراتیژی ئاژاوەی ئەمریکی سەرکەوتوو نابێت. ئەمەریکا باش ئەوە دەزانێت، بۆیە دانپیانانی بۆ حکومەتی تاڵیبان دەبەستێتەوە بە کۆمەڵیک مەرجی دیاریکراو و فۆڕمالیەوە، وەک ڕێکەوتن لە گەڵ لایەنەکان و هێزەکانی تر و مەسەلە پووچەکانی هەڵبژاردن و مافی مرۆڤی ئەمریکی!!!.

بەڵام لە ماوەی ئەم ٢٠ ساڵەدا ئەمریکا نەک لە ئەفغانستان بەڵکو لە تەواوی ناوچەکەشدا، لە پۆینتێکدا سەرکەوتووبوو، ئەویش لە پایەداکوتاندنی ئیسلامدا وەک کۆڵەکەیەک لە کۆڵەکەکانی فکر و کاڵچەری جیهانی. ئەمڕۆ لە مەراکیشەوە تاکو چین، لە بەریتانیاوە تاکو ئەستەنبوول و لە سویدەوە تاکو ناوەڕاستی ئەفەریقا، ئیسلام یەکێکە لە کۆڵەکە فیکریەکان و نەریتی ڕۆژانەی سەدان ملیۆن کەس لە جیهاندا. پرۆسێسێک لە ساڵانی هەفتاکانی سەدەی ڕابووردووەوە دەست پێدەکات، ئەمڕۆ بە ئەنجامی خۆی گەیشتووە. ئێستا لە ئەمەریکادا وە بەپێی ئاماری ٢٠١١، ٢٠١٦ مزگەوت هەیە و لەپاکستان لە ساڵی٢٠١٩دا ١٢٠هەزار مزگەوت هەیە لەگەڵ ٢٥٠٠٠ قوتابخانەی ئیسلامی و  لەکوردستانی عێراق ٥٦٦٧ مزگەوت هەیە بەپێی ئاماری ٢٠٢٠. لە جیهاندا   لە ساڵی ٢٠١٥دا  ٦،٣ ملیۆن مزگەوت هەبووە، ڕۆشنە کە ئێستا زیادیکردووە. ئەم کۆڵەکە فکرییە ئیسلامییە، تەواوی بورجوازی جیهانی سوودمەندە لێی. 

پڕۆلیتاریای ئەفغانستان و ناوچەکە لەوە لاوازترە کە دەستبەجێ توانایی خۆئامادەکردن و خۆ ڕێکخستنی خۆی هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەلومەرجە. لە ئەگەری مانەوەی هەلومەرجی هاوسەنگی هێز لە نیوان پڕۆلیتاریای جیهانی و بورجوازی جیهانیدا بەهەمان شێوەی ئێستا، کەمن پێم وانیە، ئەوا پڕۆلیتاریای ئەفغانی پێویستی بە ماوەیەکی زیاتر دەبێت بۆ هەستانەوە و خۆ ڕێکخستن. لە هەموو بارێکدا چوونە دەرەوەی ئەمریکا لەتەواوی ناوچەکەدا لە پێشیانەوە لە عێراق و سوریادا، بوارێکی گونجاو دەکاتەوە بۆ هێزە بورجوازییە لۆکەڵی و ناوچەییەکان و هەروەها بۆ چینە سەرەکیەکانی کۆمەڵگا کە ئارایشتێکی تازە بدەن بەخۆیان و خەباتێکی چینایەتی ڕوو بەڕوو و ئاشکراتر فەراهەم ببێت. ١٥ ئاب ٢٠٢١