بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ڕەوتی سەدر ترسی لەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هەیە

عیراق

14/10/2021‌ 3138 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕەوتی سەدری سەر بەموقتەدا سەدر، لەبەرامبەر جوڵەی بەشێک لەکوتلە سیاسییە شیعییەکان بەسەرۆکایەتیی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆئەوەی خۆیان "کوتلەی گەورەی پەڕلەمانیی" دروستبکەن‌و حکومەتی داهاتوی عێراق پێکبهێنن، هۆشداریداوە.


عیسام حوسێن سەرکردە لەڕەوتی سەدر لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتویەتی:"جوڵەی بەشێک لەهێزە سیاسییەکان بۆئەوەی لەبەرامبەر کوتلەی سەدریدا کوتلەی گەورەی پەڕلەمانیی دروستبکەن هەوڵێکە بۆ گوشارخستنەسەر ڕەوتەکەمان کە زۆرینەی پەڕلەمانیی بەدەستهێناوە، ئەوەش هەمان پڕۆژەو دوبارەکردنەوەی ئەزمونی ساڵی 2010یە".

حوسێن باسی لەوەکردوە، "هەر ئەو پڕۆژەیە دەستی بەسەر حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیداگرت‌و خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەکانی لێکەوتەوە، هەر ئەو پڕۆژەیەش دەیەوێت گلەیی‌و گازندەی بەشێک لەو کوتلانەی ژمارەیەکی کەمی کورسی پەرلەمانیان هێناوە بکاتە دەرفەت بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانیان لەقۆناغەکانی داهاتودا".

بەرپرسەکەی ڕەوتی سەدر جەختیکردۆتەوە، ئەو هەوڵانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر زۆرینەیی کوتلەی سەدر نابێت، ده‌ڵێت:"بەپێی دەستور مافی پێکهێنانی حکومەتی داهاتویان هەیە، لەبەرئەوەی لەهەڵبژاردندا زۆرترین ژمارەی کورسی پەڕلەمانیان بەدەستهێناوە".

لای خۆیەوە، محەمەد سەهیود سەرکردە لەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەکردوە، گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانی مەبەست لێی ئەو کوتلەیە کە لەیەکەم دانیشتنی پەڕلەماندا بتوانێت لەڕێگای هاوپەیمانێتیی لایەنەکانەوە زۆرترین ژمارەی کورسی هەبێت، دەستوریش هەر بەو شێوەیە باسیکردوەو دادگای دەستوریش بەوشێوەیە شرۆڤەی کردوە.

سەهیود باسی لەوەکردوە، لەئێستادا هیچ دانوستانێکی فەرمی بەمەبەستی دروستکردنی کوتلەی گەورەی پەڕلەمان‌و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەستیپێنەکردوە، بەڵام نزیکبونەوەو لەیەکتێگەیشتن لەنێوان چەند هێزو لایەنێک لەسەرجەم پێکهاتەکان بۆ ئەو مەبەستە هەیە.