خومەینی مردوە یان تیرۆر کراوە؟..پاسەوانە تایبەتەکەی زانیاریی گرنگ ئاشکرادەکات

جیهان

11/08/2022‌ 10975 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکێک لەپاسەوانە تایبەتەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی، قسەی جیاواز لەبارەی مردنی دامەرزێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات‌و ڕایدەگەیەنێت، خومەینی لەڕێگای پێدانی ژەهرەوە تیرۆرکراوە، نەوەک بەشێوەیەکی سروشتیی‌و بەهۆی توشبونی بەنەخۆشیی دڵەوە کۆچی دوایی کردبێت.



حەمید ڕەزا نیقاشیان پاسەوانی تایبەتیی ئایەتوڵڵا خومەینی لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت:"سەرەتا خومەینی بەهۆی بوونی گرفتێک لەدڵیدا گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە گەدەی توشی خوێنبەربوون بوە".

نیقاشیان ئاماژەی بەوەکردووە، دەرمانەکانی چارەسەرکردنی خومەینی دوای چەندین پەیوەندیی بەدەرمانخانەیەکی لەندەن کڕدراون، کە پێشتر ئەو دەرمانخانەیە بوونی نەبووە، بەڵکو تەنها بۆ دابینکردنی دەرمان بۆ خومەینی کراوەتەوە، دوای مردنی خومەنیش دەستبەجێ داخراوە.

پاسەوانە تایبەتەکەی خومەینی باسی لەوەنەکردووە کە کێ دەرمانەکانی بۆ نووسیوەو کێش دەرمانەکانی پێداوه‌، بەڵام ئاماژەی بەوەکردووە، وەزارەتی هەواڵگریی ئێران (ئیتڵاعات) تۆماری کڕیارانی دەرمانی خومەنی لابووە، بەڵام عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی ڕێگەی نەداوە وەزارەتەکە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە بکات.



ناوبراو داوایکردووە، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێکارەکانی پاراستنی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران زیاتر بکەن، ئەویش بەهۆی مەترسیی دزەکردنی گومانلێکراوێک بۆ نوسینگەکەی.

لەبەرامبەردا، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێرانی (ئیرنا) بەپشتبەستن بەسەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوەکردووە، ئیتڵاعات هیچ دۆسییەیەکیان لەسەر پرسی تیرۆرکردنی خومەینی بەهۆی هێرشی بایۆلۆجیی‌و ژەهراوییەوە لانییە.

ئاژانسە ئێرانییەکە باسی لەوەکردووە، ئیتڵاعات لەدوای پرسیارگەلێکی ئەنستیتۆى مۆنتاژو چاپکردنى بەرهەمەکانى خومەینى کتێبێکی لەسەر ئەو پرسە دەرکردوەو دانەیەک لەکتێبەکەشی داوەتە دەسەڵاتی دادوەریی.



ئایەتوڵڵا خومەینی ناوی تەواوی ڕوحوڵا مستەفەوی موسەوی خومەینیە، 24ى 9ى 1902 لەشاری (خمین) كە دەكەوێتە ناوەڕاستی ئێرانەوە لەدایکبووە، نوسەرو شاعیرو مەرجەعی تەقلیدی شیعەی ئێرانی بوو ، باوکی کە ناوی مستەفا خومەینییە یەکێکبووە لەزانا شیعییەکان کە وانەی زانستیی فیقهیی لەنەجەف خوێندووەو چەند ساڵێکیش وانەی زانست‌و شوناسی ئیسلامیی لەنەجەف وتوەتەوە، بەڵام لەڕۆژى 3ی حوزەیرانی 1989 کۆچی دوایی کردووە.