دابه‌شكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران گۆڕانكارى به‌سه‌ردادێت

کوردستان

03/09/2022‌ 5027 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى كوردستان زانیاریه‌كى نوێ له‌باره‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "كۆتایی ئه‌مساڵ یان سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوو، فه‌رمانبه‌ران موچه‌كانیان به‌كارت وه‌رده‌گرن".


ئەرشەد لۆلانی ئەندامی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، له‌لایه‌ن فەرمانگەی تەنكنەلۆژیای زانیاریی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ هەموو ڕێكارەكانی بەئەلیكترۆنیكردنی موچەی تەواوكراوه‌و سێرڤەریش ئامادەیە، بەڵام هەندێك گرفت هه‌بوه‌ تائێستا چارەسەرنەكراوه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌شڵێت:"هەنگاوی یەكەمی بەلیكترۆنیكردنی موچە لەموچەی خانەنشینان دەبێت، ئێستاش حكومەت لەبەئەلیكترۆنیكردنی بانكەكان بەردەوامە، 22 بانك بەئەلیكترۆنیكراون‌و فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریش هەموو ئامادەكاریی خۆی تەواوكردوە، بۆ ئەوەی موچە بكرێت بەكارت‌و كی كارت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌  قسه‌یه‌كى وەزیری دارایی‌و بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی ئاشكراكردوه‌ كه‌ جه‌ختیانكردۆته‌وه‌، لەم مانگەوە پڕۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەی خانەنشینی‌و دواتریش موچەی خانەنشینان بەئەلیكترۆنیدەكرێت.

به‌وته‌ى ئه‌و ئەندامەی لیژنەی دارایی، "بەپیادەكردنی ئەو سیستەمە، دابەشكردنی موچە گۆڕانكاریی زۆری تێدادەكرێت، ئێستا بە 20 ڕۆژ موچە دابەشدەكرێت، ئەوكات دەتواندرێت لەماوەی یەك هەفتەو كەمتر لەهەفتەیەكیش موچە دابەشبكرێت، چونكە موچەكە دەچێتەسەر كارت‌و كێشەی نابێت‌و دەتواندرێت لەبانكەكان موچە وەربگیرێت".

ش.هـ