عێراق هێز له‌سنوره‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ توركیاو ئێران بڵاوه‌پێده‌كات

کوردستان

27/11/2022‌ 7249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی بەریتانی باس لەئەگەری بڵاوەپێکردنی هێزی عێراقی لەسەر سنوری تورکیاو ئێران دەکات، ڕاشیگه‌یاندوه‌، "ئەو هەنگاوەی بەغدا لەپاڵ ڕێگه‌ دیبلۆماسییەکان هاوکاردەبێت لەئارامکردنەوەی دۆخەکەو ڕێگریی له‌ده‌ستێوه‌ردانه‌ سه‌ربازیه‌كانى توركیا له‌ناو خاكى عێراق".


ڕۆژنامەی "زە ناشیۆناڵ"ی بەریتانی ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی "بڵاوکردنەوەی هێزەکانی عێراق لەسەر سنوری تورکیاو ئێران چی دەگەیەنێت" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەکردوە، ئەو هەنگاوەی بەغدا لەپاڵ ڕێگه‌ دیبلۆماسییەکان هاوکاردەبێت لەئارامکردنەوەی دۆخەکەو پاڵنانی تاران‌و ئەنکەرە بۆ پاشەکشەکردن لەدەستێوەردانی سەربازیی لەناوخاکی عێراقدا.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، "بەپێی پلانەکە هێزە عێراقییەکان کۆنترۆڵی سنورەکان دەکەن‌و ڕێگە نادەن خاکی عێراق بۆ دەستدرێژیکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.

ئه‌وه‌ش باسكراوه‌، حکومەتی عێراق دەبێت ئیرادەی سیاسیی پێویست پیشانبدات بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئێران‌و تورکیا لەناو خاکی عێراقدا بێئەوەی لەبەرامبەردا هیچ پەرپەرچدانەوەیەک بونی هەبوبێت.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌دا چاودێران قسه‌یان بۆ ڕۆژنامەکە كردوه‌و وتویانه‌، "ڕاگرتنی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆسەر پێگەی هێزە کوردییەکانی ئێران لەناو خاکی هەرێمدا پەیوەندیی بەڕێگرییکردن لە دزەپێکردنی چەکدارانی کوردو بەقاچاخبردنی چەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بەڕاگرتنی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێرانەوە".

ئەو چاودێرانە ئاماژەیان بەوەکردوە، ئێران دەیەوێت قەیرانە ناوخۆییەکانی فڕی بداتە دەرەوە، هەر لەبەرئەوەشە باس لەبونی ڕۆڵی هێزە کوردییەکانی ئێران دەکات لەپەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە، لەگەڵ ئەوەی ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنەی ئێران لەناو خاکی عێراقدا لەڕاستییدا چەکدارنییەو هیچ پڕۆسەیەکی سەربازییان ئەنجامنەداوە، ئەو هێزانە لەماوەی سێ دەیەی ڕابردودا لەناوچەکەدا نیشتەجێبون‌و هیچ ڕۆڵێکیان لەقەیرانەکانی پێشوتری ئێراندا نەبوە.