له‌وه‌زاره‌تێكى حكومه‌تى هه‌رێم موچه‌ى ساڵێك‌و شه‌ش مانگ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ دابه‌شده‌كرێت

کوردستان

29/01/2023‌ 10130 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی‌و كەمئەندامی لەوەزارەتی پێشمەرگە زانیارییه‌كى گرنگ له‌باره‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى ساڵێك‌و شه‌ش مانگ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ له‌وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا ئاشكراده‌كات، هاوكات ڕونكردنه‌وه‌ش ده‌دات له‌باره‌ى كێن ئه‌وانه‌ى له‌بڕیاره‌كه‌ سودمه‌ند ده‌بن.


لیوا سەرحەد جەلال لاوەرانی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی‌و كەمئەندامی لەوەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكردوه‌، پاداشتی کۆتایی خزمەت لەبەڕێوەبەرایەتیه‌كه‌یان خەرجدەكرێت، كە کۆکراوەی موچەی ساڵێك‌و شەش مانگە.

ده‌شڵێت:"ئەو پارەیە تەنها شەهیدان‌و كەمئەندامانی شەڕی داعش دەگرێتەوە، كە لەدوای ساڵی 2014وە ئەو پێشمەرگانە شەهیدبونە، یان بەهۆی كەمئەندامی خانەنشینكراون، یان خانەنشیندەبن".

به‌وته‌ى به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، پاداشتی خانەنشینی، كۆكراوەی دوا موچەیە بۆ ساڵێك‌و شەش مانگ خەرجدەكرێت، ئەگەر موچەكەی یەك ملیۆن دینار بێت، ئەوا 18 ملیۆن دیناری بۆ خەرجدەكرێت، ئەگەر كەمئەندامیش بێت‌و موچەی یەك ملیۆن دیناربێت، ئەوا 12 ملیۆن دیناری بۆ خەرجدەكرێت.

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "خەرجكردنی ئەو پارەیە پێشمەرگەی یەكەكانی 70و 80ش دەگرێتەوە، بەو مەرجەی دۆسییەكانیان بگوازرێتەوە لای ئێمەو بەگوێره‌ى یاساو ڕێنماییه‌كان ڕێكبخرێت".

له‌دواى ساڵى 2014وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشین بون‌و تائێستا نازانرێت چۆن‌و به‌چ میكانیزمێك له‌وبڕیاره‌ سودمه‌ند ده‌بن، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ لیوا سەرحەد وتویه‌تى، "بەڕاپۆرت داوامان لەسەروی خۆمان كردوە، زانیاریی‌و ناوی تەواوی ئەوكەسانەمان بۆ بنێرن".

به‌گوێره‌ى میدیاى نزیك له‌پارتیش، هەر خانەنشینێكی پێشمەرگە پاداشتی خانەنشینی وەربگرێت، ئەوە ناتوانێت خزمەتی دیكە ئەگەر هەیبێت، بیخاتەسەر ڕاژەی خانەنشینییەكەی.

تاوەكو مانگی 10ی ساڵی 2022، چوار هەزارو 171 خانەنشینیی سەربازیی‌و کۆچکردوو، هەروەها ئەوانەی بەهۆكاری نەخۆشی خانەنشینكراون، لەگەڵ 166 کەمئەندامی شەڕی داعش، دۆسییەكانیان ڕەوانەی دارایی كراوەو نزیکەی هەزارو 200 دۆسییەی شەهیدانی شەڕی داعشیش ڕەوانەی وەزارەتی شەهیدان‌و ئەنفاکراوان دەکرێ، دۆسیەو لیستی موچەکانیان گواستراوەتەوەو پرۆسەکەش بەردەوامە.

ش.هـ