له‌باره‌ى پاشه‌كه‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم دادگاى باڵاى فیدراڵى بڕیاریدا

کوردستان

08/02/2023‌ 14590 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر سكاڵایه‌ك كه‌ تایبه‌ت به‌پاشه‌كه‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران تۆماركرابوو، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق كۆبۆوه‌و بڕیاریدا.


دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئەمڕۆ 8ى 2ى 2023 لەبارەى سکاڵایەک کە لەدژى سەرۆکى حکومەتى هەرێم تۆمارکرابوو، تایبه‌ت به‌خه‌رجنه‌كردنى پاشه‌كه‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان کۆبۆوە.
 
دواى كۆبونه‌وه‌و تاووتوێكردنى سكاڵاكه‌، دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریداو ڕایگه‌یاند، ئه‌و سكاڵایه‌ ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى، لەتایبەتمەندییەکانى ئەو دۆسیانەدا نییە کە ئه‌وان تاوتوێیان دەکه‌ن.

میدیاى نزیك له‌پارتیش له‌زارى وریا سەعدى ڕاوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستانه‌وه‌ هۆكارى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى سكاڵاكه‌ى ڕونكردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت:"ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و سكاڵایه‌ هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێـه‌وه‌، ئه‌و پرسه‌ ناچێتە چوارچێوەى مادەى 93ى دەستورو لەتایبەتمەندیى دادگاى کارگێڕیى هەرێمى کوردستانە".
 
سکاڵاکە به‌ناوی سەعید فەرەج ئەحمەد‌و چەند کەسێکى دیکەوە تۆمارکراوه‌و تێیدا داواکرابوو، سەرۆکى حکومەتى هەرێم ناچاربکرێت بەخەرجکردنى پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەنێوان 15ى ئابى 2015 تاوەکو 1ى 12ى 2022.
 
ش.هـ