وەزارەتی دارایی لەسەر خەرجكردنی بودجە بۆ ڕێگای كەلار – دەربەندیخان بڕیاریدا

کوردستان

15/02/2023‌ 504 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پێشینەی تایبەتی مانگانە بۆ پڕۆژەی ڕێگای دەربەندیخان ـ کەلار بە چوار سولفە خەرج دەکرێت.


لە ڕاگەیەندراوێكدا، وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووری بەڕێوبەری بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی بڕیاریدا، لەم قۆناغەدا مانگانە بڕی یەک ملیار دینار بەشێوەی چوار سلفە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ڕێگای دووسایدکردنی دەربەندیخان ـ کەلار خەرج بکرێت تا کارەکانی پڕۆژەکە بەردەوام بێت.  

سەبارەت بە پڕۆژەی دووساید کردنی  ڕێگای دەربەندیخان ـ زەڕایەن ئەوە خراوەتەڕوو، وەزیری دارایی و ئابووری لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کێشەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار چارەسەر بکەن و دوای وردبینی لەکارەکانی و یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانی، مانگانە پێشینەی بۆ خەرج دەکرێت.

پرۆژەی ڕێگای كەلار – دەربەندیخان ساڵی 2018 دەست بەكاركردن تێیدا كراوە و دەبوایە لە ساڵی 2021 دا پرۆژەكە تەواوبكرایە، بەڵام بەهۆی خەرجنەكردنی بودجەوە تائێستا نیوەی كارەكانی تەواو بووە.

س.س