ئارام رەفعەت
یەکەم،
نیقاب دیاردەیەکی نامۆیە بە کۆمەڵگای کوردەواری. داپیرانمان، دەسماڵە و سەرپۆش و چارۆکە و هەوری و تاس و پێچی رەنگاورەنگ لەگەڵ جلوبەرگی رەنگاڵەییان پۆشیوە و بە روخساری زاگرۆسیانەی خۆیان هەم لە ناو ماڵ و کۆمەڵگادا و هەم لەدەشت و مەزرا و کەژ و کێوەکان شانبەشانی پیاوان لە مەیدانی کار کردندا بوون.
دووەم،
نیقاب یەکێکە زەقترین سیمبۆلەکانی ئەو غەزووە فکرییەی کە لە سێ دەیەی رابردوو، بە چاوپۆشی یان هاوکاری جووتحیزبە دەسەڵاتدارەکە دەکرێتە سەر کۆمەڵگای باشوور. غەزوویەک کەئامانجی سڕینەوەی ناسنامە و کەلتووری کۆمەڵگای کوردەواری و دابڕینیەتی لە قۆناغی سەردەم و لە رۆح و سروشتە نەتەوەییەکەی.
سێیەم،
سەرچاوەی نیقاب عاڕەبستانی سەعودییەیە و تا هاتنی بن سەلمانیش، بەشێک بوو لە پرۆسەی بەوەهابی کردنی کۆمەڵگا موسوڵماننشینەکان و وەک پێوەری هەژموونی سەعودیە لەسەر ئاستی جیهانی سوننە دەبینرا و تەمویل دەکرا.
چوارەم،
لە سۆنگەی خاڵی سێیەمەوە، نیقاب لەسەر ئاستی جیهاندا بارگاوی کراوە بە کایەی ئایدیۆلۆژی و عەقیدەیی و سیاسیی و فیرقەییەوە.
پێنجەم،
پێچەوانەی مانا و مەغزای هەناردەکردنی نیقاب لەلایەن وەهابییەکانی سەعودییەوە، لەسەر ئاستی ئەو شانشینەدا زەمەنێکە نیقاب لە مانا و پەیامە ئایدیۆلۆژی و فیرقەیی و عەقیدەتییەکەی داشۆراوە و بەتاڵ بۆتەوە و رەهەندێکی تەقلیدی لە عادات و کەلتوری وەرگرتووە، بەتایبەیی بەشە خێڵەکیەکەی کۆمەڵگای سەعودییە و بە هیچ شێوەیەک وەک ئاماژە بۆ دینداری وەهابیزم نابینرێت.
شەشەم،
دوای هاتنی بن سەلمان و پڕۆژەی کرانەوەی، نیقاب لە سەعودییە لە پاشەکشەیەکی جددی دایە. لە بن سەلمانەوە تا سەرجەم دەزگا دینییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، جۆرێک لەدەسبەرداربوون لە سەپاندنی نیقاب دەبینرێت.
جگە لەوە، دەیان کەمپینی جەماوەری ژنانی سەعوودییە دژی نیقاب پاشەکشەی دیاری بەپۆشینی نیقاب لەو وڵاتەدا کردووە. ئێستا جیهان شاهیدی روخسارێکی جیاوازی کۆمەڵگای سەعودییەیە، روخسارێکی کراوەتر و ئاوەڵاتر و کەم نیقابتر.
حەوتەم،
جگە لەرەهەندە ئایدۆلۆژییە توندرەوییەکەی و هەژموونی فیرقەی وەهابیزم، لەسەر ئاستی جیهان، نیقاب ئاریشەی ئەمنی و کێشەی کۆمەڵایەتی بەرچاوی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەمەش وایکردووە، کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپی و عەڕەبی رێوشوێن دژی نیقاب بگرنە بەر، لەوانەش تونس و مەغریب.