ئەمریكا یەكەم هەنگاوی بۆ هاوكاری سعودیە لەشەڕی حوسییەكان نا

جیهان

40 خولەک پێش ئێستا‌ 706 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕۆژی پێنجشەممە ڕەزامەندی خۆی لەسەر فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگی ئێف 35 لایتنینگ 2 بە عەرەبستانی سعودییە ڕاگەیاند.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕونیكردەوە كە بەهای فرۆشتنی فڕۆكە جەنگییەكان 24.3 ملیار دۆلارە، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم ڕێككەوتنە لەگەڵ سعودیە پاڵپشتی باشتركردنی ئاسایشی هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكا دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا كە "فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگی ئێف-35 بە سعودیە توانای ئەو وڵاتە بۆ ڕێگریكردن لە هەڕەشەكانی ئێستا و داهاتوو بەرز دەكاتەوە".

 ئەم ڕێككەوتنە لە كاتێكدایە كە سعودیە لە شەڕی دژی حوسییەكان لە یەمەن داوای پشتیوانی واشنتۆنی كردووە. محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كرد، هێرشی سەربازی بۆ سەر حوسییەكان لە یەمەن ئەنجام بدات، بەڵام ترەمپ ڕەتیكردەوە و پێی باشتر بوو زانیاری هەواڵگری ناڕاستەوخۆ و پشتیوانی سەربازی پێشكەش بكات لە هەمانكاتدا خۆی لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆ لە شەڕەكەدا بپارێزێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە حوسییەكان بەردەوامن لە پێشڕەوییەكانیان لە كەناراوەكانی ڕۆژئاوای یەمەن و گەرووی باب ئەلمەندەب، ئەمەش لە كاتێكدایە كە هێرشەكان بۆ سەر خاكی سعودیە پەرەدەسەنن.