توركیا باج بەسەر گەڵامێوی كوردیدا دەسەپێنێت

ڕاپۆرت

13/05/2024‌ 1279 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس: کەنداڵ جودی
حكومەتی توركیا لە ڕێگەی گرووپە چەكدارەكانییەوە باجی بەسەر بەرهەمی گەڵامێو و ترێی جووتیارانی كورد لە عەفرین سەپاندووە.

 لە چوارچێوەی زنجیرە پێشێلكارییەكانی سەر كورد لە عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان كە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە لەژێر داگیركاری توركیا و گروپە چەكدارەكاندایە، دەوڵەتی توركیا باجی بەسەر بەرهەمهیی ترێ ‌و گەڵا مێوی جووتیارانی عەفرین سەپاندووە.

  وتەبێژی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا، ئیبراهیم شێخۆ دەڵێت: "هەر گروپە و جۆرێكی تایبەت لە باج وەردەگرێت،  تەنها كورد باج دەدات، بەڵام عەرەب و توركمان نایدەن، ئەوەش لەكاتێكدایە بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی كوردی عەفرین بەهۆی داگیركارییەكانی دەوڵەتی توركیاوە ناچاربوون گوندەكانیان بەجێبهێڵن و باخەكانیان كەوتونەتە ژێردەستی بنەماڵە عەرەب و توركمانەكان كە لەناوچەكانی دیكەوە هاتوون".

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوخۆی عەفرینەوە دەست شارپرێس كەوتووە، ساڵی ڕابردوو (2023) دەوڵەتی توركیا فەرمانی بە جووتیارانی كورد كردووە، بۆ هەر دارێكی مێو پێویستە لە 400 تا 800 لیرەی سوری بدەن،  بەڵام ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی باج زۆر زیادی كردووە و ئەمەش ناڕەزایی گەورەی لای جووتیارانی كورد دروست كردووە.

لەو چوارچێوەیەدا جووتیارێكی كورد كە بەهۆكاری ئەمنی ناوی خۆی ئاشكرانەكرد ، بە شارپرێسی ڕاگەیاند  "زۆر ماندوو بووم لە پێدانی باج ، بەڵام هیچ ناكرێت. تەنها دەزانین كە ئەوان موڵك و ماڵی ئێمە دەدزن و بۆ خۆیان دەیبەن و ئێمە بێدەنگین".

 بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان، لە 7 قەزای عەفرین و لادێكانیدا 5 ملیۆن دارمێو هەیە  ساڵانە جووتیارانی عەفرین بەرهەمەكەی لەگەڵاو ترێیەكەی كۆدەكەنەوە و دەیفرۆشن.