پشكى هه‌رێم له‌بودجه‌ى عێراق دیاریكرا

کوردستان

12/03/2023‌ 3647 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى ئاشكراكردنى پشكى له‌هه‌رێم له‌بودجه‌ى گشتى عێراق، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا زانیارییه‌كان پشتڕاستده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت:"پشكى هه‌رێم بریتیه‌ له‌12.67%".


ئێواره‌ى دوێنێ ئیخڵاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، لەناو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023دا، پشکی هەرێم بەڕێژەی 12.67% دیاریكراوه‌.

ئه‌مڕۆش فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبەغدا به‌میدیاى یه‌كێتى وتوه‌، پشکی هەرێم لەپڕۆژەی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 بە12.67% جێگیرکراوه‌.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ زیا ناسری ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەتویتێکدا ئاشكرایكردوه‌، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی بودجە پەسەنددەکات.

دلێمى په‌رله‌مانتارى عێراق باسى له‌وه‌كردوه‌، "ئەو ڕێژەیەى بۆ هه‌رێمى كوردستان دیاریكراوه‌ وەک خۆی دەمێنێتەوە تائه‌وكاته‌ى سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامدەدرێت، لەدوای سەرژمێریەکە پشی هەرێم لەبودجە گۆڕانکاریی بەسەردادێت".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "لەبودجەی ساڵی 2023دا، نرخی فەرمی 100 دۆلار بە130 هەزار دینار دەبێت، هەروەها نرخی بەرمیلێک نه‌وتیش 65 دۆلارە، هاوکات ڕێژەی کورتهێنانیش دەگاتە 60%ی كۆى گشتی بودجە".

زیاتر له‌باره‌ى پشكى هه‌رێمه‌وه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، "پشکی خەمڵێنراوی کوردستان لەبودجەدا دەگاتە زیاتر لە12%، بەڵام بۆئەوەش چەند مەرجێک دانراوە، یەکێک لەمەرجەکانیش ئەوەیە هەرێمی کوردستان بەڕونی داهاتی پێشوی و ئێستای نەوت و دەروازە سنوریەکان و ژمارەی فەرمانبەرەکانی بخاتەڕوو".