بافڵ تاڵەبانی: پێشوازی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکەین خزمەت بە گەلەکەمان بکات

کوردستان

20/03/2023‌ 773 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشی گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکانە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان".

بەبۆنەی نەورۆزەوە بافڵ تاڵەبانی رایدەگەیەنێت " پێشوازی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکەین کە خزمەت بە گەلەکەمان و خەڵکە خۆڕاگرەکەمان بکات".

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:

هاونیشتمانیانی خۆشەویست لە سەرتاسەری کوردستان
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە، لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم رۆژانی جەژن لە دڵخۆشی و کامەرانیدا بەسەربەرن.
هیوادارم جەژنی نەورۆز ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان و هەوێنێک بێت بۆ قووڵکردنەوەی گیانی خۆشەویستی و تەبایی لەنێوانماندا. هەموومان بە رۆحێکی کوردانە و لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی کوردستاندا کاربکەین و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین.
لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی و بڵێسەی ئاگری نەورۆزدا، رایدەگەیەنین کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشی گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکانە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان. پێشوازی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکەین کە خزمەت بە گەلەکەمان و خەڵکە خۆڕاگرەکەمان بکات. ئێستا و هەمووکاتێک ئامادەی دیالۆگی نیشتمانی و بونیادنەرانەین و لە بەرامبەر ئەم ئەرکە نەتەوەیی و مێژووییەی لەسەر شانمانە بەرپرسیار دەبین.
باوەڕی پتەو و نەگۆڕمان بە یەکگرتوویی هەیە، چونکە تەنیا لەو ڕێگەیەوە دەتوانین مافە رەواکانی گەلی کورد بەدەستبهێنین و داهاتوویەکی پرشنگدار بونیادبنێین.
ئەمڕۆش کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی رزگارکردن و راپەڕینی کەرکووکی خۆشەویستمان، بە دڵ پیرۆزبایی لە کەرکوک و کەرکوکییە سەربەرزەکان دەکەم و دڵنیایان دەکەمەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە دەبێت بۆ هەمیشە لەگەڵیان دەمێنێتەوە و بە خوێنی خۆمان قودسی کوردستان دەپارێزین.
دووبارە جەژنتان پیرۆزبێت و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەپەلە