له‌باره‌ى سه‌پاندنى مه‌رج له‌لایه‌ن ئه‌مریكا به‌سه‌ر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا ڕونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

کوردستان

18/10/2023‌ 1979 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕەتیدەکاتەوە ئەمریکا هیچ مەرجێکی بەسەر وەزارەتەکەیاندا سەپاندبێت، جەختیشدەکاتەوە، واشنتۆن بەردەوامدەبێت لەهاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، سه‌باره‌ت به‌واده‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى لیواى 20ى هاوبه‌شى نێوان هه‌ولێرو به‌غداش ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات‌و واده‌كه‌ى ئاشكراده‌كات.


لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە بەمیدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن‌و ئەوان پلانی خۆیان بۆ هەردوو ساڵی 2024و 2025یش بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەڕوی لۆجیستی، ڕاهێنان‌و پڕچەککردنەوە ئامادەکردوە".

سه‌باره‌ت به‌چاکسازییەکانی وەزارەته‌كه‌ش جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە وتویه‌تى، "ئەمریکا دەبینێت قۆناغی زۆرباش لەبواری ڕێکخستنەوەی هێزەکان‌و هێنانیان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە بڕاوە، لەوانەیە هەندێک گلەییان هەبێت لەهێواشی پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان، بەڵام بەو شێوەیەش نییە کە لەمیدیاکاندا باسدەکرێت".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "تائێستا گوێمان لەهیچ مەرجێکی ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەبوە؛ واتا مەرج بەسەر وەزارەتی پێشمەرگەدا بسەپێنێت‌و بڵێت، ئەگەر وا مەکەن، وا دەکەین، شتی وانییە، ئەوەی هەیە تەنها زیاتر هاندانە بۆ ئەوەی هەردوو حزبی سەرەکی لەهەرێم پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر بکەن".

دڵنیایی نیشانداوه‌ له‌وه‌ى، "لەداهاتویەکی نزیکدا هەردوو یەکەی 70و 80 یەکدەگرنەوە، چونکە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا بەشاهیدی هێزەکانی هاوپەیمانان‌و ئەوانەی چاودێریی کارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، کارێکی زۆرباش کراوەو قۆناغی زۆرباشمان بڕیوە".

بۆ پێكهێنانى لیوا هاوبه‌شه‌كانیش ئاشكرایكردوه‌، "لە 10 ساڵی ڕابردودا 14 لیوا سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە بون، لەماوەی دوساڵی ڕابردودا توانیومانە شەش بۆ حەوت لیوا جگە لەهەردوو فەرماندەکانی پشتیوانی، بخەینەسەر بەوەزارەتی پێشمەرگەو ئامادەو پڕچەکیشیان بکەین".

باسى دوو لیوا هاوبه‌شه‌كه‌ى نێوان هه‌ولێرو به‌غداشى كردوه‌، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت، "پێکهێنانی ئەو لیوایانە لەبنەڕەتدا پێشنیازی ئەمریکا بوەو پاشان لایەنە عێراقی‌و کوردستانییەکان کاریان لەسەرکردوەو ئیشەکە لەقۆناغی کۆتاییدایە، هەندێک دواکەوتن (لەدەستبەکاربونی لیواکان) هەیە، ئەمەش بەهۆی پرسی کارگێڕیی لەوەزارەتی بەرگریی عێراق؛ ئەگەرنا لایەنی کوردی ئامادەیە، لیستی ناوی هەردوو لیوای یەک‌و دوو کە دەکاتە لیوای 20ی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەکردوە، لەوەزارەتی دارایی عێراقیش ئامادەکارییەکان تەواوبون‌و لەوانەیە لەمانگی 11 موچەی یەکەم مانگیان وەربگرن".