مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازیی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا تووندا رایانگەیاند "داوا لە بەرپرسانی پەروەردە دەكەین، دەستبەرداری فشارە جۆراوجۆرە ناپەروەردەییەكانیان بن بۆ سەر مامۆستایان و بەڕێوەبەرەكان. چونكە لەگەڵ زۆربوونی فشارەكاندا، خوێندنگە ئامادەییەكان و مامۆستایانی پۆلی دوانزەش هاتنە ڕیزی بایكۆتەوە".
مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازیی گەرمیان دەڵێن "بەرپرسانی پەروەردە لە بری ئەوەی پاڵپشت و هاوكاریی مامۆستایان بن، بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانیان، كەچی كەوتوونەتە هەڕەشە و فشاركردن لە سەر مامۆستایانی مافخورا و ستەملێكراو. لەكاتێكدا كەس لە مامۆستایانی بە هەڵوێست زیاتر لە خەمی پەروەردە و ئاییندەی نەوەكانماندا نییە".
هەروەها دەڵێن: لەو سۆنگەیەوە ڕایدەگەیەنین: لە پێناو ماف و شكۆی مامۆستایان و پەروەردەیەكی تەندروستدا؛ داوا دەكەین دەستبەجێ:
-ئەو لیژنانە هەڵبوەشێنەوە، كە بۆ هەڕەشە و سزادانی مامۆستایان ڕاسپێردراون.
-بەڕێوەبەرانی پەروەردەی گشتیی گەرمیان و پەروەردەی كەلار دەستلەكار بكێشنەوە، لەگەڵ هەر كەسێكی تریشدا كە دژی ماف و خواستەكانی مامۆستایان بێت.
هۆشدارییش دەدەن: لە ئەگەری بەردەوامییان لە فشار و بێزاركردنی مامۆستایاندا، هەڵمەت و كەمپینی بەرفراوان ئەنجام دەدەین و داواكاریی لابردنیان لە پۆستەكانیان دەبێتە یەكێك لە ئامانجەكانی خۆپیشاندانی مامۆستایان. هەروەها پەنا دەبەینە بەر دادگای فیدراڵیی عێراق و لەوێ سكاڵا لەسەریان تۆمار دەكەین.