ئه‌مڕۆ له‌هه‌ولێر بڕیار له‌سه‌ر چى دراو له‌سه‌ر چى ڕێكه‌وتن كرا؟

کوردستان

20/02/2024‌ 1939 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ لەسەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان له‌شارى هه‌ولێر کۆبونەوەیەک لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، تێیدا پێشنیازکرا وادەی هەڵبژاردنەکە بخرێتە مانگی حوزەیرانەوە، كۆمسیۆنیش ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات‌و به‌رپرسێكى كۆمسیۆنیش ورده‌كاریى كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى شارى هه‌ولێر ئاشكراده‌كات.


ئه‌مڕۆ سێشەممە، کاتژمێر  10ی بەیانی‌و له‌شارى هه‌ولێرو لەسەرۆکایەتی هەرێم، کۆبونەوەی وه‌فدى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان‌و یۆنامی‌و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.

سه‌باره‌ت به‌و كۆبونه‌وه‌یه‌و ورده‌كارییه‌كه‌ى، عیماد جه‌میل بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكرد، ئەنجومەنی کۆمیسیاران بەحکومەتی هەرێمی ڕاگەیاندوە، کۆمسیۆن لەمڕۆە چوار مانگی پێویستە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان.

ده‌شڵێت:"لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا، ئەنجومەنی کۆمیسیاران بەحکومەتی هەرێمی ڕاگەیاندوە، "ئەگەر سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کەیسی تانەدان لەیاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان یەکلابکاتەوە، ئه‌وا کۆمسیۆن ئامادەیی تێدایە لەناو مانگی شەشی ئەمساڵ وادەیەک دیاریی بکات بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لایه‌نه‌ فه‌رمیه‌كانى هه‌رێمیش به‌وه‌ ڕازیى بونه‌".

لاى خۆیشیه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێت:"‎سەرۆکایەتیی ھەرێم‌و حکومەتی ھەرێم، وەک ئەوەی لەڕابردوو ھەنگاوی جدییان بۆ بەڕێوەچونی ھەڵبژاردن لەھەرێمی کوردستان ھەبوەو ئەرکی یاسایی خۆیان بەجێگەیاندوە، ئێستاش بەھەمان پەرۆشی‌و ڕژدییەوە ھەموو کارێکی پێویست ئەنجامدەدەن بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لەھەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ 18ى ئه‌م مانگه‌ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بەپێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبوەوەو جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ سبه‌ینێ چوارشەممە 21ى ئه‌م مانگه‌ دواخست، بەڵام دوای 11 دانیشتن، هێشتا دادگای فیدراڵی پرسەکەی یەکلانەکردوەتەوە.

پێشتریش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لەمەرسومێکدا ڕۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ى بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشانکردبوو؛ بەڵام دواتر سکاڵاکەی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژارنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕاگرت‌و کۆمیسیۆن ڕایگەیاند، ناتوانن لەوادەی خۆیدا ئامادەکارییەکان تەواوبکەن.