چارەنووسی هەرێمی كوردستان و موسڵ تەوەرێكی گفتوگۆكانی عێراق و توركیان

کوردستان

14/03/2024‌ 1450 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
 شارپرێس:

توركیا خۆی بۆ رەوشی نوێی عێراق دوای كشانەوەی چاوەڕوانكراوی ئەمریكا و زیاتربوونی هەژموونی ئێران ئامادە دەكات، ئەوەش بۆ پارێزگاری لە پێگە و هەژموونی خۆی لەو وڵاتە.

بەگوێرەی سەرچاوەكان عێراق بەرەو یەكلابوونەوە بۆ ئێران دەڕوات دوای كشانەوەی چاوەڕوانكراوی ئەمریكییەكان، بەوپێیەش ناوچەكانی نفوزی توركیا لە هەرێمی كوردستان ئەوانەی ژێردەستی پارتی دیموكراتی كوردستان و موسڵ چارەنووسیان دەكەوێتە مەترسییەوە.

بەپێی سەرچاوەی میدیا عەرەبییەكان، لەوچوارچێوەیەدا دەوڵەتی توركیا خوازیاری جارێكی دیكە رێكخستنەوەی نەخشە و دابەشكردنەوەی ناوچەكەیە بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا.

لەو سەروبەندەدا لەگەڵ ئامادەكارییەكانی سوپای توركیا بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پەكەكە، ئەم بابەتە تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانی شاندی وەزاری توركیا دەبێت بۆ بەغدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەفدێكی گەورەی وەزاری توركیا سەردانی بەغدایان كرد بۆ تاوتوێكردنی هاوكاری لە بواری وزە جگە لە كاروباری ئەمنی و بەرگری، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ بەرژەوەندیی گەورەی توركیا بۆ عێراق كە وەك ئامادەكارییەك بۆ سیناریۆیەك دەردەكەوێت كە تێیدا عێراق لەژێر نفوزی تەواوی ئێراندا بێت دوای كشانەوەی چاوەڕوانكراوی ئەمریكا لە ماوەی داهاتوودا لە ئەنجامی فشار‌و پێشهاتەكانی ناوچەكە.

پێشبینی دەكرێت لە كاتی گفتوگۆكانی نێوان بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵاتدا، تایبەتمەندییەكانی نەخشەڕێگاكە ڕوون بكرێتەوە، بەجۆرێك كارتێك بێت بە مەرجی تەواوەوە لە كاتی سەردانەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ بەغدا بەم نزیكانە.

هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو كە دەیەوێت ئاسایشی سنووری توركیا و عێراق “یەكجار و بۆ هەمیشە” مسۆگەر بكات، ئاماژەی بە ئەگەری فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە ناوچەكەدا لە ماوەی هاویندا.