حكومەتی هەرێم دەربارەی رەوشی ناوچە دابڕێندراوەكان راگەیەندراوێكی بەپەلەی بڵاوكردەوە

کوردستان

10/05/2024‌ 994 جار خوێندراوه‌ته‌وه



 دەستەی ناوچە كوردستانیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "بەداخەوە ماوی دوو ڕۆژە عەرەبی هاوردە بەناڕەواو دوور لە هەموو بنەمایەكی ئاشتیانەو پێكەوە ژیان هاتوونەتە گوندی پەڵكانەو خێمەیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جوتیارانی كورد نادات بەری ڕەنج و ماندوو بوونی شەش مانگی ڕابردوویان بچنەوە.

لە راگەیەندراوەكەی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی حكومەتی هەرێمدا هاتووە "ئەمە لەكاتێكدا لە پایزی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەزامەندی قیادەی عەمەلیاتی كەركوك جوتیارانی كورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێكرد،ئێمە وەك حكومەتی هەرێم لە دەستەی ناوچە كوردستانیەكان  بەبەردەوامی لەسەر هێڵ بووین تا دەستورو یاسا دوابڕیاربێ و چیتر بە یاسای كۆن گیانی برایەتی تێك نەدرێت و دەرفەت بدرێت دانیشتوانی ناوچەكە درێژە بەژیانی ئاسایی خۆیان بدەن".

هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات "بەداخەوە تا بەئێستا دەگات گرفتەكان وەك پێویست چارەسەر نەكراون بۆیە داواكارین لە حكومەتی عێراقی دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جوتیاری كورد ئەكرێت بێ دەنگ نەبێت و فراكسوێنە كوردیێكانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەكانی خۆیان چڕتر بكەنەوە، لە هەمان كاتیشدا داواكارین شایستەی دارایی پێویست بدرێتە عەرەبەهاوردەكان و بیان گەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان".

دەستەی ناوچە كوردستانییەكان دەشڵێـت "هەموو لایەك دڵنیا ئەكەین دەستەی ناوچە كوردستانیەكان لە هەوڵەكانی خۆی بەردەوام ئەبێت تا چیتر زوڵم و ستەم لە جوتیاری كورد نەكرێت لە گوندی پەڵكانەو تەواوی ناوچەكانی سەرگەڕان، لەهەمان كاتدا ڕای ئەگەیەنین جێ بەجێ كردنی دەستورو پابەند بوون بە بنەماكانی مادەی ١٤٠ زامنی چارەسەر بوونی تەواوی كێشەكانی ئەو ناوچانەیە".