تونجەر باكرهان : ئەمریكا هێرشدەكاتە سەر ئێران، بەڵام تاران پەلاماری هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەی رۆژهەڵات دەدات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 269 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوسەرۆكی گشتی دەم پارتی رایگەیاند، "ئەمریكا هێرش دەكاتە سەر ئێران، بەڵام ئێرانیش بەم تووڕەیییەوە هێرش دەكاتە سەر كوردان. نۆ پێشمەرگەی كۆمەڵە گیانیان لەدەستدا. هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان؛ ئاخر چ پەیوەندییەكی هەرێمی كوردستان بەم هێرشانەوە هەیە؟ هاوكات كورد و ئۆپۆزسیۆن لەسێدارە دەدرێن. ئێمە سەرەخۆشی لە گەلی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین."

تونجەر باكرهان لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی دەم پارتی باسی لەوەكرد، "بۆ بنیاتنانی توركیایەكی دیموكراتیك، قۆناغە گرنگەكە یاسای چوارچێوەیە. یاسای چوارچێوە دەستپێكێكی نوێیە. دەبێت ئەم یاسایە دەربكرێت و لەسەر بنەمای ڕێككەوتنێك جێبەجێ بكرێت. دوێنێ شاندی ئێمە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان كۆبووەوە. سڵاوی خۆی بۆ هەموو گەلانی توركیا ناردبوو، بەڕێز ئۆجالان ڕادیكاڵترین هەنگاوەكانی ناوە، بەڵام بەداخەوە ئەو هەنگاوانەی كە دەبوو لە بەرانبەردا لەلایەن دەوڵەتەوە بنرێن، دواخراون. دیدارەكانی شاندی ئێمە لەگەڵ دەسەڵات و باخچەلی لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەكە ئەرێنی بوون، بەڵام بەڕێوەبردنی شەڕی تایبەت لە ڕێگەی میدیاوە لەگەڵ ڕۆحی پرۆسەكەدا ناگونجێت. نابێت كەس بكەوێتە ئەم تەڵەیەوە."

باكرهان دەشڵێت "دەبێت یاسای چوارچێوە هەموو كەسێك بگرێتەوە. دەبێت ئیدی ستاتۆی بەڕێز ئۆجالان دیاری بكرێت و هەلومەرجەكانی چاك بكرێن. دەبێت میكانیزمێك دابمەزرێت و بنەمای یاساكانی ئینتێگراسیۆنی دیموكراتیك دابڕێژرێت. پێویستە كۆتایی بە سەپاندنی قەیومەكان بهێنرێت. دەروازەكانی نسێبین و قامیشلۆ بكرێنەوە. دادگاكانیش بەپێی قۆناغی پرۆسەكە بجوڵێنەوە. بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكرێن و زیندانیانی سیاسی ئازاد بكرێن."

هەروەها لەبارەی دیدارەكان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا رونیكردەوە  " نوعمان كورتولموش سەردانی گرووپی ئێمە دەكات و كۆبوونەوە ئەنجام دەدات. ئێمەش بیروڕا و پێشنیارەكانی خۆمان هاوبەش دەكەین. ئێمە لەو باوەڕەداین كە سەرۆكی پەرلەمان نوعمان كورتولموش ڕۆڵی ئەرێنیی خۆی لەم پرۆسەیەدا درێژە پێ دەدات. وەك دەم پارتی ئێمە سیاسەتی ژیانی نوێ دادەڕێژین."